بەڕێوەبەری ئاوی بنەسڵاوە: بۆ زیادەڕەوی هیچمان پێناکرێت، چونکە زۆربەی ماڵەکان پلەداری سەربازین

10-03-2022
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی بنەسڵاوە رایدەگەیێنێت، خەڵکێکی زۆر لە دەرەوەی پێوەری ئاو بە زیادەڕۆیی بۆریی ئاویان راکێشاوە و ماڵ هەیە حەوت بۆریی راکێشاوە. دەشڵێت، "لەوبارەیەوە هیچمان پێناکرێت، چونکە زۆربەی ماڵەکان پلەداری سەربازین".
 
ئەحمەد عەباس، بەڕێوەبەری ئاوی بنەسڵاوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "پێوەری ئاو کێشەیەکی گەورەیە. راستە ئەو پێوەرە لەڕووی کەم و زۆر بەکارهێنانی ئاوەوە تاوەکو رادەیەک دادپەروەریی بەدیهێناوە، بەڵام خەڵکێکی زۆریش زیادەڕۆییان کردووەتە سەر پێوەرەکە، چونکە خەڵکەکە لەوە دەترسن پێوەرەکە بڕێکی زۆریان بۆ بخوێنێتەوە".
 
بەڕێوەبەری ئاوی بنەسڵاوە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا کێشەی ئەوەمان هەیە کە ماڵ هەیە زیاتر لە بۆرییەکی ئاوی راکێشاوە کە یەکێکیان پێوەری لەسەرە و ئەوانی دیکەی زیادەڕۆیین. ئەوەیش لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ و گوڵان زۆر دەبیندرێت. ئەمڕۆ لیژنەیەکم بۆ گەڕەکی گوڵان ناردووە، ماڵ هەبووە حەوت ئاوی راکێشاوە. ئێمەیش لەوبارەیەوە هیچ کارێکمان پێ ناکرێت، چونکە زۆربەیان پلەداری ئەمنی و سەربازین".
 
لە بنەسڵاوە خەڵکێکی زۆر کە قەرزی ئاویان لایە و سەرە دەگرن بۆئەوەی قەرزەکەیان بدەنەوە و هەندێکیان درەنگانێکی شەو ناو دەنووسن.
 
ئەحمەد عەباس گوتیشی، "ئێستا خەڵک بۆئەوەی پێوەری ئاو ببەستن، لە کاخەزێکدا سەرە دەنووسن. کەسی وا هەیە کاژێر 12:00ی شەو و 03:00ی بەرەبەیان دەچێت ناوی خۆی دەنووسێت کە جاری وا هەیە 80 - 90 کەس ناویان نووسیوە. ئەگەر بەیانییەکەی 30 کەس بەڕێبکرێت، ئەوا نایەن وا بکەن سبەینێ 50 کەسەکەی دیکە وەربگرن، بەڵکو دیسانەوە کاخەزێکی دیکەی سەرەنووسین دادەنرێتەوە".
 
ئەو بەڕێوەبەرە ئاماژەی بەوە دا، "کێشەی قەرزی ئاویش کە خەڵکێکی زۆر قەرزار بوون، بۆ کۆمپانیا دەگەڕێتەوە، چونکە لە مانگی شوباتی 2021ـەوە سزای بۆ خەڵک دانا بەبێ ئەوەی هیچ راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە و بڵێت هەر کەس پێوەر نەبەستێت مانگانە 80 هەزار دینار سزای بۆ دێتەوە. ئێستا خەڵکێکی زۆر هەن کە بە ملیۆن و ملیۆنێک و 300 هەزار دینار کەوتوونەتە ژێر سزا".
 
ئەحمەد عەباس باسی لەوە کرد، لە سنووری ئەوان تەنیا دوو کەس مامەڵەی ئەو هەموو خەڵکە رادەپەڕێنن و پێویستە ئەو کۆمپانیایە کارەمەندەکانی زیاد بکات بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر بەڕێبکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک لەو باڵەخانانەی بڕیارە لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان دروستبکرێن. وێنە: رووداو

لە ساڵی 2014ـەوە 300 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە بۆ کرێنشینان تەواو نەبوون

لە پارێزگای هەڵەبجە 25 باڵەخانە بۆ کرێنشينان و کەمدەرامەتان دروستکراون، کە لە 300 یەکەی نیشتەجێبوون پێکهاتووە، بڕيار بوو پرۆژەکە لە ماوەی 400 رۆژدا هەموو کارەکانی تەواو ببێت؛ بەڵام دوای سێ جار راوەستان و دەستپێکردنەوە، هێشتا کارەکانی پرۆژەکە تەواو نەکراون