رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، مووچەی خانەنشینان لە مانگی شوباتی 2025ـەوە دەگۆڕدرێت و بەگوێرەی کاتی دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، "مووچەی خانەنشینان لە مانگی شوباتی 2025ـەوە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵییەوە، جێبەجێ دەکرێت."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە 23-11-2022ەوە دەرچووە؛ واتە ئەوەی پێش ئەم مێژووە مووچەکەی هاوتا کراوە، هەڵدەوەشێندرێتەوە. دەشڵێت، "دەمانەوێت یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، بەسەر هەموو خانەنشیناندا جێبەجێ بکرێت."
ئەمڕۆ دووشەممە 10-02-2025 هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "جیاوازییەکە لەنێوان یاساکانی خانەنشینییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. جیاوازییەکەش لەوەیە کە دەرماڵەی ترسناکی، ژن و منداڵ لە هەرێمی کوردستان بەستراوە؛ بەڵام لە یاسای خانەنشینیی عێراقیدا نییە."
لەبارەی جیاوازییەکی دیکەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت، "لە هەرێمی کوردستان بڕوانامە لە سێی ناوەندییەوە هەژمار دەکرێت؛ بەڵام لە عێراق لە پەیمانگەوەیە. بڕوانامەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق حیسابی جیاوازی رێژەییان بۆ دەکرێت."
لە یاسای خانەنشینیی هەرێمی کوردستان:
- لە ناوەندییەوە دەستپێدەکات.
- بڕوانامەی ئامادەیی 15%
- بڕوانامەی پەیمانگە 25%
- بڕوانامەی ماستە 75%
- بڕوانامەی دکتۆرا 100%
لە یاسای خانەنشینی عێراق:
- بڕوانامەی پەیمانگە 5%
- بڕوانامەی زانکۆ 10%
- بڕوانامەی ماستەر 15%
- بڕوانامەی دکتۆرا 20%
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ