14 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە دەگۆڕدرێن؛ پارێزگاری نەینەوا واژۆی لەسەر گۆڕانکارییە ئیدارییەکان کرد

10-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری نەینەوا واژۆی لەسەر ئەو گۆڕانکارییە ئیداریانەی پارێزگاکە کرد، کە بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگەی کارگێڕی راگیرابوون، بەمەش 14 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە. 

رۆژی دووشەممە 10-02-2025، عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی باڵای کارگێڕیی، بە فەرمانێکی کارگێڕیی 14 قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی لە پارێزگای نەینەوا لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
 
بە گوێرەی فەرمانەکە چوار قایمقام و 10 بەڕێوەبەری ناحیە دوورخراونەتەوە، کە بەشێکیان کوردن.
 
ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، نووسراوەکەی پشتڕاستکردەوە. 
 
ئەو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیانەی لە پۆستەکانیان دوور دەخرێنەوە.
 
- رزگار محەممەد ئیسماعیل، قایمقامی قەزای مەخموور
- ئەحمەد یوسف حەماد، قایمقامی قەزای بەعاج
- عیسام بهنان مەتی، قایمقامی قەزای حەمدانییە
- بەسمان ئەحمەد سوڵاتان، قایمقامی قەزای حەزەر
- محەممەد کەنعان خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی تەل
- ئەحمەد عەبید عیسا، بەڕێوەبەری ناحیەی نەمروود
- خالد محەممەد مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حەمام عەلیل
- عەلی محەممەد فەتحی، بەڕێوەبەری ناحیەی بەرتلە
- نەشئەت سادق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە
-نایف سەیدۆ قاسم، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ
- ساڵح حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە
- ئەحمەد جەعفەر عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار
- غەزووان حامد حەمید، بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك
- عەلی محەممەد ساڵح  بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ
 
بەبێ بەشداری فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو، رۆژی 02-07-2024 ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گۆڕانکاری لە ژمارەیەک پۆستی کارگێڕی کرد.
 
دوای ئەو گۆڕانکاریانە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوو. بەرەی یەکەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای یەکگرتوو کە لە بەشێکی سوننەکان و پارتی پێکهاتووە و لەدوای گۆڕانکارییەکانەوە بۆ ماوەیەک دانیشتنەکانی ئەنجوومەنیان هەڵپەسارد. بەرەی دووەم بریتییە لە فراکسیۆنی نەینەوای داهاتوو، کە 16 کورسی هەیە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشێکە لێی.
 
یەکێتی کە دوو کورسیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەیە، سێ پۆستی وەرگرتووە کە بریتین لە قایمقامی مەخموور، بەڕێوەبەری ناحیەی سنوونێ و بەڕێوەبەری ناحیەی وانکێ. ئەو پۆستانە لە دەست پارتی دیموکراتی کوردستانن کە ئەو گۆڕانکارییانە رەتدەکاتەوە. تاوەکو ئێستاش گۆڕانکارییەکان نەچوونەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە سێیان کۆتان (کریستیان، کوردانی ئێزدی و کوردی شەبەک). پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامی لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عادل عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق.

وەزیرى نەوتی عێراق: شەممە کۆبوونەوەکان بۆ هەناردەکرنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکەنەوە

وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، شەممەی داهاتوو شاندێکى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت. دەشڵێت، "وەزیرى دارایی بە نووسراو بەڵێنى داوە پارەى کۆمپانیاکانى نەوت خەرج بکات".