رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ هەزار مووچەخۆر لە سنووری قەزای باتیفا هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئامێرەکانی ATM لەو قەزایە نییە، ئەو مووچەخۆرانەی لە (هەژماری من) تۆمارکراون و کارتیان بۆ دروستکراوە، ناچارن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بچنە سەنتەری شاری زاخۆ.
رۆژی دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، فەرهاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتیفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 900 فەرمانبەر لەو سنوورە کارتی هەژماری منیان وەرگرتووەتەوە، ئەم مانگە بۆ مووچە چوون بۆ زاخۆ."
قایمقامی قەزای باتیفا گوتی داوایان، لە بەرپرسانی ئەو پڕۆژەیە کردووە ئامێرەکانی ATM دابنێن، بۆ ئەوەی مووچەخۆران لە سنووری خۆیان مووچەکانیان وەربگرن. ئێمەش داواکەیان قبووڵ کردووە و بڕیارە لە نزیکترین کاتدا، ئامێرێکی ATM دابنرێت.
لە سنووری قەزای باتیفا سێ هەزار فەرمانبەر هەن، قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ئەگەر سەرجەم فەرمانبەران لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار بکرێن، ئەوکات دەبێت 3000 فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بچنە زاخۆ.
پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران.
لە ھەرێمی کوردستان 550 ئامێری ATM لە 200 شوێن دانراون، تاوەکو ئێستا 370 ھەزار کارت بەسەر مووچەخۆراندا دابەش کراوە.
ئەوانەی مووچە لە رێگەی ھەژماری من وەردەگرن پێکهاتوون؛
216,500 فەرمانبەری مەدەنی
56,700 پێشمەرگە
11,600 زێرەڤانی
42,600 ھاوپەیمانان
2500 یەکەی 80
مانگی ئایاری 2024 تەنیا 50 ھەزار مووچەخۆر مووچەکانیان لە رێگەی ھەژماری منەوە وەرگرت، دواتر مانگ لەدوای مانگ زیادی کردووە و دوایینجار گەیشتووەتە 275 هەزار مووچەخۆر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ