دەستەی مافی مرۆڤ: هیچ سکاڵایەکمان لەسەر رێگری لە خۆپێشاندەران بۆ نەهاتووە

10-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، هیچ سکاڵایەک لەسەر رێگری لە خۆپێشاندەران لە بازگەی دێگەڵە نەگەیشتووەتە دەستەکەیان. داواش لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، "خۆیان بەدوور بگرن لە هەر گردبوونەوە و چالاکییەک."
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 10-02-2025، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیێندراوێکی لەبارەی هاتنی خۆپێشاندەرانی سلێمانی بۆ هەولێر بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای رووداوەکەوە بەدواداچوونیان کردووە، بۆ ئەوەش قسەیان لەگەڵ پارێزگاری هەولێر کرد و ئەو گوتوویەتی بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە رێگە بە خۆپێشاندەران نەدراوە بێنە هەولێر.
 
دوێنێ یەکشەممە، ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە سنووری سلێمانییەوە بەرەو شاری هەولێر بەڕێکەوتن و گوتیان، ئامانجیان ئەوەیە داواکاریی مانگرتووان لەنزیکەوە بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەیێنن، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە رێگەیان پێنەدرا بێنە هەولێر
 
لەبارەی دەنگۆی دەستگیرکردنی چەند کەسێک لە شاری هەولێر، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاندووە، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەکە سەردانی ئاسایشی هەولێریان کردووە، بەڕێوەبەری ئاسایش پێیگوتوون: "هیچ خۆپیشاندەرێک دەستگیرنەکراوە و بانگ نەکراوە".
 
هەر دوێنێ، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی رێگریی لە خۆپێشاندەران رایگەیاند: "مامۆستا و فەرمانبەر و مووچەخۆر و تەواوی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناڕازین، بەڵام ناڕازیبوونەکە لە کوێیە؟ لە بەغدایە. بەغدا ئەو ستەمە لە ئێمە دەکات". گوتیشی، ئەوان داوای مۆڵەتیان نەکردووە، بۆیە رێگەیان پێنەدراوە بێنە هەولێر.
 
دەستەکە پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کردووە و رایگەیاندووە: "داوا لەلایەنە سیاسییەکان دەکەین بە گشتی لە هەرێمی کوردستان کە لە کاتی هەر گردبوونەوە و چالاکییەکی مەدەنی لەو جۆرە، خۆیان بەدوور بگرن لەدەستتێوەردان و هاندان بۆ ئەوەی پەیامی خۆپێشاندەران بە رێگەی یاسایی خۆی و سرووشتی خۆی بگاتە لایەنی پەیوەندیدار".
 
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هەروەها دەڵێت: "پشتیوانی لە هەر چالاکی و گردبوونەوەیەکی مەدەنی لە چوارچێوەی رێنمایی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین."
 
لە بەشێکی پەیامی دەستەکە هاتووە: "ئەو رێگایە بە مافێکی سرووشتی و یاسایی دەزانین بۆ داواکردنی مافەکان و لە هەمان کاتدا نیگەرانین لە هەر گرژی و ئاڵۆزی و بەیەکدادانێک لەهەر لایەک رووبدات و هەمیشە پشتیوانیی زمانی دیالۆگ و ئاشتی و رێگای مەدەنی دەکەین".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە