رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، بە جێبەجێکردنی هاوتاوکردنی خانەنشینی سەربازی لەگەڵ عێراقدا مووچەی خانەنشینان کەمدەکات، بەڵام بڕیاردراوە بۆ مانگی شوبات مووچەکانیان وەک خۆی لێبکرێتەوە و هاوتاکردنی مووچەکانیان رابگیرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دووشەممە، 10ـی شوباتی 2025، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوای کۆبوونەوەی لیژنەی سەرەکی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بەهاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لە شاری بەغدا، لیژنەکە لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ی خانەنشینی یەکگرتووی عێراق گەیشتنە رێکكەوتن."
وەزارەتەکە دەڵێت: "رێککەوتنەکە بەجۆرێک دەبێت؛ ئەو هاوتاکردنەی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمووزی ساڵی 2024 تایبەت بە خانەنشینانی مەدەنی جێبەجێی کردووە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵە و وەک خۆی جێبەجێ کراوە."
بە جێبەجێکردنی یاساکەی عێراق، مووچەی خانەنشینی سەربازی کەمدەبێتەوە
لەکاتی بەشداریکردنی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانی پێشکێشی دەکات، شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتی، "دوای جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـی خانەنشینی عێراق لە ساڵی 2014 دا، مووچەی خانەنشینی سەربازی کەمدەبێتەوە، چونکە مووچەی خانەنشینان لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی، جارانی ساڵانی خزمەت و جارانی 2.5 مووچەکەیان هەژمار دەکرێت، لە کاتێکدا مووچەی بنەڕەتی هێزە ئەمنییەکان کەمە، بەڵام دەرماڵەی مەترسییان هەیە و بەوە مووچەکەیان زیادبووە."
بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە گوتیشی: "لەکاتی خانەنشینیدا ئەو دەرماڵەیەیان بۆ هەژمار ناکرێت، بۆیە مووچەکانیان کەمدەکات، بڕوانامەکانیش بە شێوەیەکی کەم کاریگەری دەبێت لەسەر زیادکردنی مووچەی خانەنشینان".
بە گوێرەی شێخ عەزیز ئەوانەی مووچەکانیان کەمیکردووە، ئەوانەن دوای 2014 خانەنشین بوون، بەڵام گوتی: "لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینەوە ئاگاداریان کردووینەتەوە، کە مووچەکانیان بۆ مانگی شوبات وەک خۆی لێبکرێتەوە، تاوەکو یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2010ـی خانەنشینی سەربازی جێبەجێ دەکرێت، کە بەگوێرەی ئەم یاسایە، هێزی پێشمەرگە، لە پێش پرۆسەی ئازادی ساڵانی خزمەتیان بە دوو هێندە بۆ هەژمار دەکرێت و ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر زیادبوونی مووچەکانیان".
بڕیاری هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی سەربازی، پێشمەرگە دێرینەکانیشی نەگرتووەتەوە، کە پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، بەڵام لەبارەی گۆڕانکاری مووچەکانیان شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت، "تەنیا ئەو پێشمەرگە دێرینانەی مووچەکانیان کەمتر بووە لە 500 هەزار دینار، مووچەکانیان زیادکراوە بۆ 500 هەزار دینار، کە ئەوە بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دیاریکراوە وەک کەمترین مووچە".
لە سنووری سلێمانی نزیکەی 3000 خانەنشینی پێشمەرگە مووچەیان کەمیکردووە، ئەوەش ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە گوتی: "بۆ ئەو پێشمەرگانەی ئەم مانگە مووچەیان لێبڕاوە، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین کردووە بۆیان قەرەبوو بکرێتەوە".
خانەنشینی گشتیی عێراق: داواکارییەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رەوان
هەر ئەمڕۆ، ماهیر حوسێن، سەرۆکی دەستەی خانەنشینی گشتیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لیژنەیەک بە فەرمانێکی دیوانی لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دروستکراوە، ئەو لیژنەیە دووجار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. داواکارییەکانی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان رەوان و داوامان لە فەرمانگەکانمان کردووە بە دەنگ داواکارییەکانەوە بچن."
ماهیر حوسێن دەڵێت، "ئەو لیژنەیە کار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی لەبارەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، بۆیە لیژنەکەمان لەگەڵ شاندی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی هاوبەشیان لەسەر ئەو بابەتە ئاراستەی لیژنەی باڵای خانەنشینی کردووە و لە ماوەیەکی نزیکدا کارەکان تەواو دەکرێت."
دەرماڵەی ترسناکی، ژن و منداڵ جیاوازی دروستکردووە
هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی بە رووداوی گوت: "جیاوازییەکە لەنێوان یاساکانی خانەنشینییە لە عێراق و هەرێمی کوردستان. جیاوازییەکەش لەوەیە کە دەرماڵەی ترسناکی، ژن و منداڵ لە هەرێمی کوردستان بەستراوە؛ بەڵام لە یاسای خانەنشینیی عێراقیدا نییە."
لەبارەی جیاوازییەکی دیکەوە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خانەنشینی پێشمەرگە دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان بڕوانامە لە سێی ناوەندییەوە هەژمار دەکرێت؛ بەڵام لە عێراق لە پەیمانگەوەیە. بڕوانامەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق حیسابی جیاوازی رێژەییان بۆ دەکرێت."
لە یاسای خانەنشینیی هەرێمی کوردستان:
- لە ناوەندییەوە دەستپێدەکات.
- بڕوانامەی ئامادەیی 15٪
- بڕوانامەی پەیمانگە 25٪
- بڕوانامەی ماستە 75٪
- بڕوانامەی دکتۆرا 100٪
لە یاسای خانەنشینی عێراق:
- بڕوانامەی پەیمانگە 5٪
- بڕوانامەی زانکۆ 10٪
- بڕوانامەی ماستەر 15٪
- بڕوانامەی دکتۆرا 20٪
مووچەی خانەنشینانی پێش 2003 و دواتری جیاوازییان نابێت
هەر ئەمڕۆ، سادق عوسمان، گوتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنێوان مووچەی خانەنشینانبووانی پێش 2003 و دوای ئەوە نییە، چونکە دراوی ئەوکات سویسری بوو، بۆیە باوەڕناکەم کەس هەبووبێت لەو کاتەدا مووچەی لە 500 هەزار دینار زیاتر بوو بێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ