لە هەرێمی کوردستان 446 کەس لەسەر تیرۆر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە

10-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان 446 کەس لەسەر دۆسیەی تیرۆر سزای لەسێدارەدانیان هەیە و گوتیشی: 1400 زیندانیمان رادەستی بەغدا کردووەتەوە.
 
دینداری زێباری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوای ساڵی 2013وە هێزی پێشمەرگە لە دەرەوەی کەرکووک بەرگرییان لە شارەکە کرد و ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان سەنتەری شاری کەرکووکیان لە هەموو پەلامارێک پاراستووە. دەسەڵاتی دادوەری و دادگەکانیش کاری خۆیان کردووە."
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد کە بەگوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ چەکدارانی داعش کراوە و دوای ئازادکردنی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کەرکووکیش، لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. هەروەها ئەوانەشی خەڵکی پارێزگاکانی دیکە بوون، لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەماهەنگییان کردووە و رادەستی حکومەتی عێراق و دادگەکانی عێراق کراون.
 
دیندار زێباری ئەو کەسانەی بەسەر سێ جۆردا پۆلێن کرد:
 
- ئەوانەی خەڵکی کوردستانن و هەر لە کوردستان ماونەتەوە.
 
- ئەوانەی خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن و هاوسنووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانن و مەترسیان هەبووە.
 
- ئەوانەی خەڵکی کوردستان نەبوون و لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەستگیرکرابوون و داعش بوون، بە لێکۆڵینەوە و بەڵگەی تەواوەوە لەکاتی دادگاییکردن یان دوای دادگاییکردن رادەستی پارێزگاکانی خۆیان کراونەتەوە.
 
بە گوتەی زێباری، رێکخراوی یونامی و ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شاهێدی ئەو پرۆسەیە بوون، کە نزیکەی 1400 زیندانی بە پێنج  کاروانێک رادەستی حکومەتی فیدراڵی کراونەتەوە.
 
هەروەها باسی لەوەش کرد کە نزیکەی 500 کەس کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 22 ساڵ بووە، دوای تەواوکردنی سزای زیندانی ئازادکراون.
 
دیندار زێباری ئەوەشی خستەڕوو کە زیاتر لە 500 کەس لەسەر تۆمەتی تیرۆر سزادراون ئێستا لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستانن، 446یان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە 2008ـەوە جێبەجێکردنی یاسای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و پابەندن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. 
 
دیندار زێباری  جەخت لەوە دەکاتەوە: "مەترسی راستەوخۆیان هەبووە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە دەستگیرکراون و سزایان بۆ دەرچووە، ئەوانەشی لە شوێنی دیکەی عێراق کردەیان هەبووە و پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان نەبووە، رادەستی حکومەتی فیدراڵی کراونەتەوە". 
 
سەبارەت بەوەی کە ئایا یاسای لێبووردنی گشتیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، دیندار زێباری گوتی: بەگوێرەی دەستوور، دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە، ئەمە دەگەڕێتەوە ئەوەی ئایایە ئەو یاسایە لە کوردستان بەرکار دەکرێت یاخود نا ، بۆیە ئەم بڕیارە دەبێت دەسەڵاتی دادوەریی بیدات".
 
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک، رۆژی 09-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەکی زۆر زیندانییەکانمان لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندان. بۆیە پێویستە یاسای لێبووردنی گشتی ئەو زیندانیانەش بگرێتەوە و ئازاد بکرێن."
 
عەزام حەمدانی ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە ئامارێکی دروستیان لەبەردەستدا نییە، بەڵام پێیانوایە "بە هەزاران زیندانی عەرەبی سوننە لە بەندیخانەکانی هەرێمی کوردستاندان."
 
عەزام حەمدانی داوای لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون لە چارەنووسی شوێنبزربووان و دەستگیرکراوان پێکبهێنێت، هەروەها داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هاوکار بێت لە دیاریکردنی چارەنووسی ئەو کەسانە. هەروەها پێشنیازی پێکهێنانی لیژنەیەکی ناوەندی لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە.
 
رۆژی 04-02-2025 دادگەی باڵای فیدراڵی، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، لەسەر بنەماى پێنج سکاڵا فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی هەرسێ یاسای باری کەسی، لێبووردنی گشتی و گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنی رەسەنیان دەرکرد، تاوەکو ئەو کاتەى سکاڵا تۆمارکراوەکان لەسەریان یەکلایی دەبنەوە. 
 
رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق کۆبووەوە و دژى بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی وەستایەوە و بە "نایاسایی" ناوی برد. 
 
هەرسێ یاساکە لە دانیشتنی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە پەرلەمانی عێراق بەیەک پاکێج پەسندکران. 
 
راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، نیگەرانی و ناڕەزایی سوننەکانی لێکەوتەوە، چونکە لێبووردنی گشتیی یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی سوننەکانە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە