له‌ رووها بۆ ماوەی حەوت رۆژ خۆپێشاندان قەدەخەیە

رووداو دیجیتاڵ
 
پارێزگای رووها قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپێشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونه‌وه‌ و خێوه‌ت هه‌ڵدانی لە پارێزگەکەدا بۆ حەوت رۆژ راگەیاند.
 
بەرپرسانی پارێزگاکە دەڵێن، هەنگاوەکەیان بۆ ئەوەیە ئاسایش و سەقامگیری بپارێزن، رێگە لە هەر جۆرە "پلانێکی تێکدەرانەی تیرۆر" بگرن و گیان و ماڵی هاونیشتمانیان بپارێزن.
 
پارێزگای رووها لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "لەپێناو یەکڕیزیی گەل، یەکپارچەیی وڵات، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، رێگریکردن لە تاوان، پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگریکردن لە تووندوتیژی، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ‌ئەلیف و جیم لە 11یەمین مادەی یاسای ژمارە 5442ی بەڕێوەبردنی شارەکان و 17یەمین مادەی یاسای ژمارە 2911ی چالاکییەکان، کۆمەڵێک رێوشوێن گیراونەتەبەر".
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە کاژێر 00:00ی رۆژی 10ـی شوبات تاوەکو کاژێر 23:59ی رۆژی 17ـی شوباتی 2024 بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەدەر لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەموو جۆرە گردبوونەوەیەک و چالاکییەک قەدەخەکراوە.