لە سنووری چۆمان پێشبڕکێی خلیسکێنەی سەر بەفر بۆ یاریزانانی نێوخۆ و بیانی سازکرا؛ کوردێک یەکەم بوو

رووداو دیجیتاڵ 

پێشبڕکێی جوانترین نمایشی خلیسکێنەی سەر بەفر لەنێوان ژمارەیەک یاریزانی کورد و بیانی لە سنووری چۆمان سازکرا، گەنجێکی کورد پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
 
پێشبڕکێکە هاوشێوەی فێستیڤاڵێکی بچووکە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری چۆمان بە هاوئاهەنگی دوو رێکخراوی نێودەوڵەتی سازکرا.
 
هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان بە رووداوی گوت "ئامانجمان لە سازکردنی ئەم چالاکییە کە پێشبڕکێی خلیسکێنەی سەر بەفر بوو لەنێوان یاریزانانی نێوخۆ و بیانی، راکێشانی سەرنجی گەشتیاران بوو بۆ بینینی سرووشتی ناوچەکە، هەروەها هاندانی وەبەرهێنەرانە بۆ ئەوەی بێن و لەم ناوچەیەدا پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ بکەن."
 
10 یاریزانی نێودەوڵەتی و زیاتر لە 20 یاریزانی کورد لە بەرزاییەکانی پڕژێ و وێزێ لە سنووری پارێزگەی هەولێر تواناکانیان نیشاندا؛ یاریزانێکی دانیشتووی چۆمان توانی پلەی یەکەم بەدەستبهێنێت.
 
رۆژ کامەران، یاریزانی خلیسکێنەی سەر بەفر دەڵێ "من، وەکو یاریزانێکی تیمی خلیسکێنەی سەر بەفر(سکی)ـی چۆمان، چوار ساڵە یاریی سکی دەکەم، لەنێو یاریزانانی خۆمان و چەند یاریزانێکی بیانی کە لە ئەڵمانیا، دانمارک و بەریتانیاوە بەشدار بوون، توانیم پلەی یەکەم بەدەستبهێنم و ئومێدم وایە لە ئۆڵۆمپیادی جیهانیش بەشدار بین."
 
یاریزانە نێودەوڵەتییەکان کەشوهەوا و سرووشتی ناوچەکە بە گونجاو دەبینن بۆ یارییە سەرکێشییەکان.
 
کیۆلین، یاریزانی دانمارکیی خلیسکێنەی سەر بەفر دەڵێ "من، خەڵکی دانمارکم و لەوێ بەفرمان نییە، بەڵام لێرە لە کوردستان بەفرێکی زۆرمان هەیە و زۆر جوانە. چیاکان بەڕاستی باشن بۆ خلیسکێنەی سەر بەفر، بۆیە دەتوانم بڵێم؛ دەکرێت ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ داهێنان." 
 
لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە شاخاوی و پڕ لە بەفرەکان، یاریزانی بەتوانای خلیسکێنەی سەر بەفر دروست بوون، کە دەتوانن لە فێستیڤاڵ و پێشبڕکێی لەو جۆرەدا تواناکانیان بەدەرخەن.
 
عومەر شەریف، رێکخەری پێشبڕکێکە دەڵێ "10 یاریزانی بیانی بەشدارییان کردووە، لە ئەڵمانیا، دانمارک و نەرویجەوە هاتوون و 40 یاریزانی نێوخۆش لەو پێشبڕکێیەدا بەشداریان کرد، خۆشبەختانە یاریزانێکی خۆمان توانی بە پلەی یەکەم بەسەر یاریزانانی بیانیشدا سەربکەوێت، ئەمە جێگەی خۆشحاڵییە کە یاریزانی کورد گەیشتووەتە ئەو ئاستە."
 
بۆ تاقیکردنەوەی توانای خلیسکێن لەسەر بەفر، چیاکانی باڵەکایەتی بۆ هەر سێ ئاستی نزم، ناوەند و بەرز لەبارن و، رۆژانە ئارەزوومەندانی یارییەکە لەو چیایانەدا راهێنان دەکەن.