یەکەم سەنتەری چاودێریی نەخۆشانی لەبیرچوونەوە لەسەر ئاستی عێراق لە سلێمانی کرایەوە

10-02-2024
پێشەوا بەختیار
سەنتەری مێرسی ماری بۆ چارەسەر و چاودێریکردنی تووشبووانی زەهایمەر
سەنتەری مێرسی ماری بۆ چارەسەر و چاودێریکردنی تووشبووانی زەهایمەر
نیشانەکردن زەهایمەر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

14 ژن و پیاوی بەتەمەن، کە هەریەکەیان خەڵکی شارێکی عێراقن و تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بوون، سەنتەری مێرسی ماری دەبێتە ماڵیان و لەوێ بێ بەرامبەر چاودێری دەکرێن.
 
ئەو کەسە بەتەمەنانە، لە هەرکامێکیان بپرسی، نە ناوی خۆی نە خێزان و رابردووی لەبیرە. ئەوان لە سەنتەری مێرسی ماری کە یەکەمین سەنتەری چارەسەری سرووشتی و مانەوەیە بۆ تووشبوانی لەبیرچوونەوە لە عێراق، چاودێری دەکرێن و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت.
 
د. کامەران جەلال، لێپرسراوی پزیشکیی سەنتەری مێرسی ماری دەڵێ "تووشبووانی ئەلزەهایمەر پێویستیان بە چارەسەر و پێداویستیی زۆرە. پزیشک (دەبێت) بە بەردەوامی چارەسەری تووشبووی زەهایمەر بکات، بۆیە دەبێت جگە لەم سەنتەرە، چەندین سەنتەری دیکە بکرێنەوە."
 
ئەو سەنتەرە جگە لە تووشبووانی لەبیرچوونەوە، بەشێکی تایبەتە بە چاودێری و راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم، کە ئێستا 18 منداڵ لەوێ چاودێری دەکرێن. 
 
تەواوی دانیشتووانی عێراق، بێ گوێدانە ئایین و رەنگ، دەتوانن سوود لەو سەنتەرە وەربگرن.
 
قەشە ئەیمەن، قەشەی کەنیسەی ماریوسف لە سلێمانی دەڵێ "هەرکەسێک بییەوێت، دەتوانێت لێرە چارەسەر وەربگرێت. ئەمە بۆ خزمەتی مرۆڤە نەوەک ئایین و رەنگ، چونکە مرۆڤایەتی گرنگترە. هەموو چارەسەرەکانیش بەخۆڕایین."
 
سەنتەری مێرسی ماری لە رۆژی شەممە لە سلێمانی کرایەوە، لەلایەن کریستیانەکانەوە دروستکراوە و بیرۆکەی دروستکردنەکەی لە دوای شەڕی دژی داعشەوە هاتووە. نەخشەی زەوییەکەیان لە کەنیسەوە گۆڕیوە بۆ سەنتەری چارەسەری سرووشتیی منداڵانی ئۆتیزم و تووشبووانی لەبیرچوونەوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە