ئاژەڵدارێک لە مێرگەپان: پێنج سەر ئاژەڵم بەهۆی خواردنی نایلۆنی سەر رێگەکان مردار بوون

رووداو دیجیتاڵ 

هەژار دانیشتووی گوندی کارێزکڵاوە لە نزیک مێرگەپان، ئاژەڵدارە و لەم دوو ساڵەی رابردوودا پێنج سەر ئاژەڵی بەهۆی خواردنی نایلۆن و ئەو زبڵ و خاشاکەی لەسەر رێگەی گوندەکەیان فڕێدراوە، مردار بوون.
 
هەژار عوسمان بە رووداوی گوت "ئەم ئاژەڵانە نایلۆنی نێو زبڵ و خاشاکەکان دەخۆن و بەپێی کات لە گەدەیاندا کۆدەبێتەوە و زۆر دەبێت، دەبێتە هۆی لاوازبوون و مرداربوونیان."
 
ئەو زبڵ و خاشاکەی لەنزیک گوندەکەیان هەیە، بەگوتەی ئەو هاونیشمانییە "پێشتر نەبووە، بەڵام نزیکەی دوو ساڵە لێرە کۆدەبێتەوە، هەندێکجار کە زبڵ و خاشاکەکە زۆر دەبێت، خەڵک یان شارەوانی دێن و خۆڵی بەسەردا دەکەن، دەیسووتێنن یان دووریدەخەنەوە."
 
دانیشتووانی بەشێک لە گوندەکان بەدرێژایی دەیان مەتر بەرد و بلۆکیان لەسەر رێگە سەرەکییەکان ریزکردووە، بۆ ئەوەی زبڵ و خاشاکی لێ فڕێنەدرێت، چونکە بەگوتەی دانیشتووانی ئەو گوندانە، بەشێک لەوانەى لە گەشت، یان باخەکانیان دەگەڕێنەوە، پاشماوەکانیان لە قەراخ رێگەکە فڕێدەدەن.
 
دڵدار رەحیم، دانیشتووی تووەسپی دەڵێ کارمەندانی پاککردنەوەی رێگەوبانەکان "هەفتەی جارێک، دووجار یان سێ جار دەهاتن، بەڵام ماوەیەکە بۆ کۆکردنەوەی زبڵ نایەن و فەرامۆشکراوین."
 
جگە لە رێگەی مێرگەپان، بەشێک لە رێگەکانی سیتەکیش ئەو گرفتەیان هەیە، بەگوتەی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی سلێمانی، سستی لە کۆکرنەوەی زبڵ و خاشاکدا هەیە.
 
نەجمەدین مەحموود، لێپرسراوی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی دەرەوەی شاری سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی بە رووداوی گوت "کۆمپانیاکان گرفتیان هەیە و، رەنگە نەتوانن وەک پێویست کاربکەن، بەهۆی ئەم قەیرانە داراییەوە، بەڵام ئەگەر کەموکوڕی هەبێت، سزادەدرێن."
 
هەرچەندە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی رۆژانە 70 بۆ 80 تۆن زبڵ و خاشاک لە دەرەوەی شار لەلایەن کۆمپانیاکانەوە کۆدەکرێتەوە، بەڵام هێشتا گرفتی زبڵ و خاشاک چارەسەر نەبووە.