گەنجێکی خەڵکی شەمزینان سێ مانگە لە هەولێر بێسەروشوێنە

رووداو دیجیتاڵ

گەنجێکی خەڵکی شەمیزینان ماوەی سێ مانگە لە هەولێر بێسەروشوێنە، خانەوادەکەی لەڕێگەی رووداو داوا دەکەن هەواڵێکی کوڕەکەیان دەستبکەوێت، جا زیندوو بێت، یان مردوو.
 
لە رۆژی 8-11-2024 ئۆکان تەیموور محەممەد، تەمەن 21 ساڵ، کە لە کارگەیەک لە هەولێر کاری دەکرد، مۆڵەتی لە کارەکەی وەرگرت، لەو کاتەوە تائێستا بێسەروشوێنە. 
 
مامی ئۆکان تاکە کەسیی ماڵباتەکەیەتی کە لە هەولێر دەژی، لەوکاتەوە بەدوای برازاکەیدا دەگەڕێت، بەڵام هیچ سەرەداوێکی دەستنەکەوتووە.
 
ساکر محەممەد، مامی ئۆکان دەڵێ "بەپێی کامێراکانی چاودێری، ئۆکان لە شوێنی کارەکەی دەرچووە و چووەتە مۆڵێکەوە، دواتر خواردنی خواردووە و لە مۆڵەکە دەرچووە، ئیدی دیار نامێنێت."
 
بەگوتەی ساکر، دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام هەموویان دەڵێن ئۆکان سنووری هەرێمی کوردستانی نەبڕیوە.
 
ئەو گەنجە 21 ساڵییە، بەگوتەی مامی؛ هیچکات لایەنگری هیچ حیزبێکی سیاسی نەبووە و باسی ئەوەشی نەکردووە بییەوێت گەشت بکات.
 
ساکر محەممەد دەڵێ "چەند ساڵێک بوو ئۆکان لەلای من بوو، هیچ جارێک نەمبینیوە باسی سیاسەت بکات، بۆیە باوەڕ ناکەم چووبێتە نێو هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـش."
 
ئۆکان نۆبەرەی دایک و باوکییەتی، لە کارگەیەک لە هەولێر کاری دەکرد و هەر لەوکاتەوەی هاتبووە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەوکاتەی دەنگیشی نەما، هەر لە هەمان شوێن کاری کردووە. ماڵباتەکەی لە رێگەی رووداوەوە داوا دەکەن چارەنووسی کوڕەکەیان دیاربێت.
 
ساکر گوتی "داواکاریمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە؛ کە هاوکاریمان بکەن و کوڕەکەمان بدۆزنەوە، داواکارین هەواڵی بزانین جا زیندوو یان مردوو، لەبەر خاتری دایک و باوکی."
 
لەو کارگەیەی ئۆکان کاری لێ دەکرد، هەر لەوێ شوێنی مانەوەی پێدرابوو. رووداو پەیوەندیی بە چەند هاوکارێکییەوە کرد و هەموویان گوتیان ئۆکان، کەسێک بوو کەم تێکەڵی خەڵک دەبوو و کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبووە.
 
دایک و باوکی ئۆکان لە باکووری کوردستان لەگەڵ حەوت خوشک و سێی برای دیکەی دەژین، ئۆکان کاری دەکرد و ژیانی خۆی بۆ بەخێوکردنیان تەرخان کردبوو.