بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی بابلهەوا بۆ رووداو: یارمەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەدرێنە خەڵکی جندرێس

10-02-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
کاتی گەیشتنی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان. وێنە: هۆرڤان رەفعەت - رووداو
کاتی گەیشتنی هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان. وێنە: هۆرڤان رەفعەت - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
  
مازن عەلووش، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی بابلهەوا رۆژی هەینی بە رووداوی گوت، کاروانێکی یارمەتییە مرۆییەکان لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە گەیشتووەتە نێو خاکی سووریا بۆ ئەوەی بەسەر خەڵکی لێقەوماوی شاری جندرێس دابەشبکرێت. 
 
جندرێس شارێکی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتەوە زۆرترین زیانی لەنێو سووریا بەرکەوتووە. 
 
عەلووش، رۆژی هەینی لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی رووداو کە نالین حەسەن پێشكێشی کرد، گوتی: "برایانمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق کاروانێکی یارمەتییان نارد کە لە 13 بارهەڵگر پێکدێت. کاژێرێک پێش ئێستا گەییشتە خەڵکی جندرێسی وێرانبوو."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، دەستکراوە بە دابەشکردنی یارمەتییەکان بەسەر خەڵکی جندرێسدا. عەلووش ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە گوایە گرووپە چەکدارەکان لە ئیدلب و ناوچەکانی دیکە رێگەنادەن یارمەتییەکان بگەنە دەستی کورد و تەنیا بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەش دەکرێن. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە پێشتر هەر رۆژی هەینی، ژمارەیەک هاونیشتمانیی شاری جندرێس بە رووداویان گوت، گرووپە چەکدارەکان دەست بەسەر یارمەتییە مرۆییەکاندا دەگرن و تەنیا بەسەر خێزانەکانی خۆیانیدا دابەشی دەکەن. 
 
مستەفا شێخۆ، چالاکڤانی مرۆیی رۆژی هەینی لە عەفرینەوە بە رووداوی گوت: "هەموو ئەو یارمەتییانەی لە دەرەوە دەنێردرێن، وەکو بەتانی و دۆشەک و شتی لەو شێوەیە، گرووپە چەکدارەکان دەڕۆن دەستیان بەسەردادەگرن و تەنیا بە عەرەبەکانی دەدەن و بە کوردی نادەن. ئێستا عەرەبەکان هەموویان چادریان هەیە و کوردیش لە شەقامەکان بێ چادر و خۆراک ماونەتەوە."
 
چالاکڤانە کوردەکە گوتیشی، گرووپە چەکدارەکان "لەبەر دەرگەی نووسینگەکانی حەواڵەکردنی پارە دەوەستن و نیوەی ئەو پارەیە دەبەن کە بۆ خەڵکەکە دێت،" هەروەها تۆمەتباریکردن بەوەی دەستیان داوەتە "تاڵانکردن و دزی". 
 
بەڕێوەبەری دەروازەی بابلهەوا رەتیکردەوە گرووپە چەکدارەکان رێگری لە گەییشتنی یارمەتییەکان بە دەستی کورد بکەن و گوتیشی: "چۆن یارمەتی بە ئیدلب دەدرێت، بەهەمان شێوە دەدرێتە خەڵکی شاری جندرێسی هەرێمی عەفرینیش." 
 
دوو هاونیشتمانیی دیکەی هەرێمی عەفرین بە رووداویان گوت، بەهۆی ئەوەی کە هیچ یارمەتییەک بۆ جندرێس نەنێردراوە، کوردانی گوندەکانی ناوچەکە دەستیانکردووە بە کۆکردنەوەی یارمەتیی و ناردنی بۆ هاونیشتمانییەکانیان لە شارۆچکە وێرانبووەکە. 
 
بەڵام مازن عەلووش دەڵێت: "ئەو هەوڵانەی بۆ رزگارکردنی خەڵکی جندرێس دراون، دووهێندەی ئەوانەی ئیدلب بوون، چونکە شاری جندرێس لە ناوچەکانی دیکە وێرانتر بووە،" هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە "حکومەتی ئیدلب زیاتر لە 50 ئامێری گەورەی نارد بۆ رزگارکردنی خەڵکەکەمان لە ژێر داروپەردووی شاری جندرێس."
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، 267 خانوو و باڵەخانە لە جندرێس رووخاون و 1110 خانوو و باڵەخانەش زیانیان بەرکەوتووە. لە هەمان کاتدا، 789 خێزان لەنێو چادر دەمێننەوە و 2418 خێزانی دیکەش تەنیا لەو شارۆچکەیە پێویستیان بە یارمەتییە، هاوکات لانیکەم 450 کەس لە شارۆچکەکە گیانیان لەدەستداوە. 
 
لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو کە چەقەکەی ناوچەی بازارچخی پارێزگەی مەرەشی باکووری کوردستان و گوڕەکەی 7.8 پلە بوو بە پێوەری رێختەر، کۆی گشتیی سەرووی 3 هەزار و 550 کەس لە سەرانسەری سووریا و رۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 7 هەزاری دیکەش برینداربوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە