چیرۆکی دزینی ماتۆڕسکیلی گەشتیارێکی ئەڵمانی لە هەولێر: هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە ئەمە روودەدات

10-02-2023
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
تابلۆی ماتۆڕسکیلەکە لەگەڵ ئۆتۆمبێلی پۆلیسی هەولێر
تابلۆی ماتۆڕسکیلەکە لەگەڵ ئۆتۆمبێلی پۆلیسی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتای ئەم ڤیتییەدا کاتی دزینی ماتۆڕی گەشتیارێکی ئەڵمانی دەبینن لە بەردەم هۆتێلێکی هەولێر. دوای دوو رۆژ پۆلیسی هەولێر سێ تۆمەتباری بەوهۆیەوە دەستگیرکرد کە بە گوتەی پۆلیس؛ پێشتریش دزیی دیکەیان کردووە.
 
موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، "سێ تۆمەتبار لەم کەیسەدا دەستگیرکراون، کە بکەری سەرەکیی تاوانەکە بوونە. لە لێکۆڵینەوەکان دانیان بە 9 تاوانی دزیی دیکە ناوە."
 
ماتۆڕسکیلەکە رادەستی سانتۆش رایدس، گەشتیارە ئەڵمانییەکە کرایەوە. سانتۆش دەڵێت، پێشبینیی نەدەکرد ماتۆڕە ژاپۆنییەکەی بدۆزرێتەوە کە نرخەکەی 10 هەزار و 500 دۆلارە.
 
سانتۆش رایدس، گەشتیارە ئەڵمانییەکە بە رووداوی گوت، "زۆر دڵخۆشم، هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە ئەمە روودەدات. ئەمە بڕواپێنەکراوە، دەتوانم بەردەوامی بە گەشتەکەم بدەم. ماتۆڕسکیلە بە نرخەکەم نەڕۆشتووە، زۆر دڵخۆشم، هیچم نییە بۆ گوتن."
 
سانتۆش کە باوکی ئەڵمانییە و دایکی هیندییە؛ بە ماتۆڕسکیلەکەی دەیەوێت گەشتی زۆرترین وڵاتی جیهان بکات. تاوەکو ئێستا گەشتی 21 وڵاتی کردووە کە بەشێک لەو وڵاتانە ئەمانە: هیندستان، پاکستان، نیپاڵ، جۆرجیا، ئەرمینیا، سعودیە، ئیمارات، کویت، عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
رێبەرێکی گەشتیاریی کورد هاوئاهەنگی لەگەڵ گەشتیارە ئەڵمانییەکە کردووە بۆ دۆزینەوەی ماتۆڕسکیلەکە.
رێبین خەلیل، رێبەری گەشتیاری دەڵێت، "گرووپێک هەیە کە زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار و رێبەری گەشتیاری عێراقی و جیهانی تێدایە. ئێستا هەوڵدەدات کە جارێکی دیکە چۆن پێشتر پۆستێکی لە گرووپەکەدا کردبوو، پۆستێکی دیکە بکات، ئەوە زۆر گرنگە کە بڵاویبکاتەوە و بزانرێت کە کێشەکەی چارەسەرکراوە بە ماوەیەکی کورت و بە باشترین شێوە."
 
نزیکەی 20 ساڵە هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لەو ناوچانەی بەردەوام گەشتیارانی بیانی بۆی دێن و پێیدا تێدەپەڕن بۆ وڵاتانی دیکە بە تایبەتی ئەوانەی دەیانەوێت بە ئۆتۆمبێل، ماتۆڕسکیل و پایسکیل گەشتی وڵاتانی جیهان بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە