فازڵ میرانی: جگە لە هۆشیار زێباری بەربژێری یەدەگمان دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
 
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان رایگەیاند: لەگەڵ یەکێتی رێکبکەون یان نا، دەبێت بەربژێرێکی یەدەگیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەبێت، بە ئەگەرێکی زۆریشەوە ئەو بەربژێرە یەدەگە د. فوئاد حوسێن دەبێت.
 
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، پرۆسەی بەربژێرکردنی کەسانی دیکە و پرسی سەرۆککۆمار جارێ چەقیوە، بڕیاری دادگای فیدراڵیش دەکەوێتە یەکشەممە ئایا بڕیاری وەلائی رەتدەکرێتەوە یان دەگۆڕدرێت وەکو ئەوەی خوانەخواستە مەرجەکانی تێدانییە، لە هەردوو حاڵەتدا بەرچاو روون دەبین و کە چووینە ناو هەڵبژاردنەوە هەتا روانگەی رێککەوتنیش هەبێت لەگەڵ برادەرانی یەکێتی، ئێمە دەبێت بەربژێرێکی دیکەی یەدەگمان هەبێت، ئینجا ئێمە لەگەڵ یەکێتی رێکبکەوین یان رێکنەکەوین دادگای فیدراڵی رای خۆی بگۆڕێت یان نەگۆڕێت، یەدەگ باشە.
 
لەبارەی بەربژێری دووەمی پارتی، فازڵ میرانی گوتی:"بەربژێرەکەمان جارێ دیارنییە، بەدڵنیاییەوە لە هەموو حیزبەکان بەربژێری دیاریکراویان هەیە، ئەگەری زۆرە کاک فوئاد حوسێن یەکێک بێت 'بۆ نموونە دەڵێم'، دەمێنێتەوە سەر کۆبوونەوەی کاک بافڵ لەگەڵ جەنابی سەرۆک، ئومێدەوارین کە کۆبوونەوەیەکی باش ببێت پاش ئەوە مەکتەبی سیاسی هەردوولا دابنیشن بەشێوەیەک لە شێوەکان رێکبکەوین، ئینجا چ برادەرانی یەکێتی لە قەرەبووی سەرۆککۆمار رازیبن چ لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکبکەون، ئەمە لە بەرژەوەندیی کورد و کوردستاندایە و لە بەرژەوەندی هەردوو حیزبیشدایە، تاوەکو یەکشەممە شتەکان رۆشنتر دەبێت."
 
فازڵ میرانی دەڵێت: "ئەگەری زۆرە لەسەر بەربژێرێک کە لە هەردوولا نەبێت رێکبکەوین، بەڵام من بە کۆنکریتی ناڵێم، لەوانەیە ئەوەش لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت".
 
لەبارەی بەرهەم ساڵحیشەوە، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "بە بۆچوونی ئێمە هەندێک هەنگاوی هاویشتووە نەدەبووایە بیهاوێژێت، چونکە زیانی لە کورد داوە و بۆ کورد هیچی نەکردووە، ئەو زیرەکییەی کاک بەرهەم هەیەتی بۆ کورد بەکاری نەهێناوە لە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ یەکێتی و پارتیش بەکاری نەهێناوە، دەکرێت بڵێین بۆخۆی بەکارهێناوە، من نامەوێت لەوە زیاتر مەسەلەی کەسی باس بکەم، چونکە هەڵسەنگاندنی کاک بەرهەم دەبێت یەکێتی نیشتمانی بیکات، چ ئەو ماوەیەی دەرچوو چ ئەو ماوەیەشی گەڕایەوە ناو یەکێتی چ ئەو ماوەیەی سەرۆککۆمار بووە، لەبەر ئەوە من حەز ناکەم خۆم بکەمە بریکاری یەکێتی و هەڵسەنگاندنی بەربژێری ئەو بکەم، هەرچەندە نوێنەری کوردیش بووە لەوێ، ئەو کوردێکە ئێمە پێخۆشحاڵ دەبین بە باشییەکانی و بە هەڵەکانیش پێی قەڵس دەبین، چونکە بە حوکمی ئەوەی نوێنەری هەموومانە بەشێوەیەکی واقیعی و مەنتیقی. "