مەسرور بارزانی و نوێنەری کۆمپانیایەکی ئەڵمانی باسی دانانی هێڵی ئاسن لە کوردستان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-2-2022 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڤینسنت ڤان هوتن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نزیکی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئەڵمانی (دۆیچە بان) کۆبووەوە. نوێنەری کۆمپانیاکە باسی لێکتێگەیشتنیانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ سەرپەرشتیکردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری کۆمپانیای دۆیچە بان، کورتەیەکی دەربارەی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکە خستووەتەڕوو "بۆ راوێژ و سەرپەرشتیکردنی هێڵی ئاسنین لە هەرێمی کوردستان."
نوێنەری کۆمپانیا ئەڵمانیەکە ئاماژەی بەوەداوە کە "ئەمە هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ دەستکردن بەو پڕۆژە گرنگە کە لە چەندین قۆناخ پێکدێت و لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێت."
لە کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و نوێنەری کۆمپانیا ئەڵمانییەکە کە لە هەولێر بەڕێوەچوو، کلێمێنس زێمتنەر، کۆنسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادە بووە.
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، "لە کۆبوونەوەکەدا، جەختمان لە گرنگیی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییە کردەوە بە ئاراستەی بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان، بەیەکەوەبەستنەوەی شار و ناوچەکان، پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان."
هەر ئەمڕۆ، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان یاداشتی لێکتێگەیشتنی لەنێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و کۆمپانیای دۆیچە بانی ئەڵمانی، بۆ پڕۆژەی هێڵی ئاسنین لە ھەرێمی کوردستان واژۆکرد.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئاماژەی بەوەکردووە، لەبواری گواستنەوەدا، ئەم پڕۆژەیە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناخێکی نوێوە.