ئەنجوومەنی وەزیران: ھە‌موو بڕگە‌كانی یاسای چاكسازی جێبەجێ دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، مەسرور بارزانی جەختی لە جێبەجێکردنی ھە‌موو بڕگە‌كانی یاسای چاکسازی کردووەتەوە. هەروەها وەزیری پلاندانان رایگەیاندووە کە پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 قۆناخی باشی بڕیوە‌ و لە‌داھاتوودا دە‌خرێتە‌ڕوو.
 
رۆژی چوارشەممە 2021/2/10 بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی شاندی دانوستاندنکار رێڕە‌وی گفتوگۆكانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە‌بارە‌ی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی کوردستان لە‌ چوارچێوە‌ی پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 خستە‌ڕوو. 
 
قوباد تاڵەبانی باسی لە‌وە‌ كردووە كە‌ تاوەکو ئێستا چەند پێشنیازێک ئاڵوگۆڕکراون بە‌ڵام ھێشتا لە‌ پرۆژە‌یاساكە جێگیر نە‌كراون.
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەکان لە بەغدا، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا كە‌ ھە‌موو داتا و زانیارییە‌كان لە‌بارە‌ی داھات و خە‌رجییە‌كان بە‌ شێوە‌یە‌كی شە‌فاف لە‌ دانوستاندنە‌‌كان لە‌گە‌ڵ لایە‌نە‌ سیاسییە‌ عێراقییە‌كان خراونەتەڕوو، بە‌تایبە‌ت لیژنە‌ی دارایی پە‌رلە‌مانی عێراق ، ئامادەییشیان نیشانداوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌سەر بنە‌مای دە‌ستوور و یاسا بە‌ركارە‌كان. ھە‌روە‌ھا دەڵێت: گفتوگۆكان بە‌ردە‌وام دە‌بن تا گە‌یشتن بە‌ رێككە‌وتنێكی گونجاو.
 
دواتر دارا رەشید وەزیری پلاندانان تیشکی خستەسەر ئامادەکارییەکان و هەنگاوەکانی داڕشتنی پرۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021 كە‌ قۆناغی باشیان بڕیوە‌ و لە‌داھاتوودا دە‌خرێتە‌روو.
 
لە بڕگەی دووەمی کۆبووەنەکەدا، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون و سکرتێری لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، راپۆرتێکی دەربارەی ئاستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی تایبەت بە ( یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی) خستەڕوو ، دواتر سە‌رنج و تێبینییە‌كان خرانە‌ڕوو. سە‌رۆكی حكومە‌ت جە‌ختی كردە‌وە‌ كە‌ دە‌بێت پە‌لە‌ بكرێت و ھە‌موو بڕگە‌كانی یاساكە‌ جێبە‌جێ بكرێن لە‌پێناو دادپە‌روە‌ری و بە‌رژە‌وە‌ندی گشتيدا.