خالید عەزیزی بە سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرایەوە

رووداو- کۆیە

حیزبی دیموکراتی کوردستان-حدک لە پێنجەمین رۆژی شانزدەیەمین کۆنگرەیدا، چارەنووسی سکرتێری گشتی ئەو حیزبەی یەکلایی کردەوە.

کەمێک پێش ئێستا پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی رێبەری و سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستان-حدک بەڕێوەچوو و تێیدا ئەندامانی کۆنگرە دەنگی متمانەیان بە هەموو ئەندامانی رێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی 15 دایەوە.

رووداو زانیویەتی هەموو ئەندامانی کۆنگرەی 16 بەکۆی دەنگ خالید عەزیزی-یان وەکو سکرتێری گشتی هەڵبژاردووەتەوە و دەنگی متمانەیان بە هەموو ئەندامانی رێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی 15 داوەتەوە.

بەپێی نەریتی کۆنگرەکانی حیزبی دیموکرات، کۆنگرە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێرێت و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی سکرتێری گشتی هەڵدەبژێرن، بەڵام لە کۆنگرەی 16دا هەر لە نێو کۆنگرە، ئەندامانی کۆنگرە دەنگی متمانەیان بە رێبەریی پێشووی حیزب  خالید عەزیزی دا. 

رووداو زانیویەتی کە خالید عەزیزی دەیەویست خۆی بۆ سکرتێری نەپاڵێوێتەوە، بەڵام شەوی رابردوو، ئەندامانی کۆنگرە رازیان کردووە تا ئەو خولەش سکرتێری حدک بکات.

لە کۆنگرەی 14ی حدک کە یەکەمین کۆنگرەی دوای جیابوونەوە لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، لەجیاتی سکرتێری گشتی، گوتەبێژی حیزب داندرا و خالید عەزیزی وەکو گوتەبێژ هەڵبژێردرا، بەڵام لە پلۆنیۆمێکی ئەو حیزبەدا، پۆستی گوتەبێژ لابردرا و خالید عەزیزی بووە یەکەمین سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستان.

رۆژی سێشەممە، کۆنگرە بەندی دوو خول سکرتێری لادا و رێگەی بۆ خالید عەزیزی خۆشکرد تا خۆی بۆ سکرتێری هەڵبژێرێتەوە.

لە ماددەی شازدەی بڕگەی پێنجەمی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا هاتبوو کە "هـــیچ کـــەس زیـــاتر لـــه دوو دەورەی بـــه دوای یـــەک دا وەک سکرتێری گشتی هەڵنابژێردرێ". 

هەر لە چوارەم رۆژی کۆنگرەدا، کۆنگرەی 16ی حیزبی دیموکراتی کوردستان کە خۆی بەرهەمی دابڕانی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی و سەرکردایەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، دابڕانەکانی پێشووی ریزەکانی دیموکراتی وەکو بەشێک لە مێژووی حیزبی دیموکرات بە فەرمی ناساند.

لەبارەی دابڕان و جیابوونەوەکان لە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی کۆنگرەی 16ی حدک هاتووە: "حیزبی دیموکرات لە مێژووی دەیان ساڵەی خۆیدا، چەندجار لە ئاکامی ناکۆکیی نێوخۆیی‌، تووشی لێکدابڕان و چەند پارچەیی بووە و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە لە جیاتی تێکۆشان لە حیزبێکی واحیددا، بوون بە دوو بەش و بە جیا، تێکۆشان و خەباتی خۆیان درێژە داوە، بەڵام دواتر کەوتوونەتەوە سەریەک. لە زۆربەی ئەم حاڵەتانەدام تێکۆشەرانی ئەم حیزبە سەرەڕای ناکۆکیان لەگەڵ یەکدی و تێکۆشانی بە جیایان، هەم لەسەر خەبات بۆ مافەکانی نەتەوەی کورد و ئامانجە لەمێژینەکانی حیزبی دیموکرات بەردەوام بوون، هەم بەرگرییان لە مێژوو و شانازییەکانی حیزبی دیموکرات کردوە. ئەم لێکدابڕانانە، سەرەڕای تاڵی و نەخوازراوبوونیان، بەشێکن لە مێژووی حیزبی دیموکرات".

رۆژی شەممە کۆنگرەی 16ی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بارەگای سەرەکی ئەو حزیبە لە شاری کۆیەی باشووری کوردستان دەستیپێکردووە. 

حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1945 لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە.
حیزبی دیموکرات پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان، لە 1945 یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە مەهاباد بەست و لەو کۆنگرەیەدا، قازی محەممەد وەک پێشەوای ئەو حیزبە هەڵبژێردرا.
ئەو حیزبە تائێستا 3 جار ( لە كۆنگرەی 4، 8 و 13) رووبەڕووی دابڕان و پارچەبوون بووە و دواتر وەك یەكگرتنەوە یان گەڕانەوەی كەسەكان، ریزەكانی یەكخستووەتەوە.

دوایین دابڕانی حیزب لە 06/12/2006 بوو کە بەشێک لە ئەندامانی رێبەری و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی (کەمینەی کۆمیتەی ناوەندی کۆنگرەی 13)ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک جیابوونەوەی خۆیان لە زۆرینەی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دیموکرات راگەیاند و دواتر بەناوی حیزبی دیموکراتی کوردستان درێژەیان بە کاری سیاسییان دا.