رووداو دیجیتاڵ
لە شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگای سنە چوار ئەندامی خێزانێک بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون؛ بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگاکە دەڵێت، سێیانیان گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 09-01-2025، حوسێن جەعفەری، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوە کە لە شاری بیجاڕی سەر بە پارێزگاکە، چوار ئەندامی خێزانێک بەهۆی گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە ژەهراوی بوون، دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
حوسێن جەعفەری گوتی: "بەڵام بەداخەوە سێ لە ئەندامانی خێزانەکە کە ژنێک و دوو منداڵ بوون، گیانیان لەدەستدا.''
تەنیا یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە کە پیاوێکی تەمەن 40 ساڵانە، رزگاری بووە؛ بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای سنە گوتی، ''دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، لەژێر چاودێریی چڕدا گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و لە مردن رزگار کراوە''.
بەهۆی رەچاونەکردنی رێوشوێنە خۆپارێزییەکانەوە، ساڵانە دەیان کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە وەرزی سەرمادا بە بۆن و دووکەڵی گاز گیان لەدەستدەدەن.
18ـی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی پارێزگای سنە بڵاوی کردەوە، لە 22ـی ئەیلوولەوە تاوەکو ئێستا، لانیکەم 33 کەس بە گازی یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن ژەهراوی بوون کە پێنجیان گیانیان لەدەستداوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ