ئامارێکی مەترسیدار لە کەرکووکەوە: رۆژانە 3 بۆ 4 کەس تووشی شێرپەنجە دەبن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
نەخۆش و تووشبووان دەڵێن، ناتوانن تەواوی دەرمانەکانیان دەست بکەوێت
نەخۆش و تووشبووان دەڵێن، ناتوانن تەواوی دەرمانەکانیان دەست بکەوێت
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

رۆژانە لە کەرکووک 3 بۆ 4 کەس تووشی شێرپەنجە و 4 بۆ 5 کەسیش تووشی نەخۆشییەکانی خوێن دەبن. لە ماوەی 12 مانگی ساڵی رابردوودا 1904 کەس سەردانی سەنتەری خوێن و شێرپەنجەیان کردووە و تازە ناوی خۆیان تۆمار کردووە وەکو تووشبوو.
 
قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر سەنتەری خوێن و شێرپەنجەیە، لە کاتێکدا بە گوتەی نەخۆش و تووشبووان، ناتوانن تەواوی دەرمانەکانیان لەوێ دەست بکەوێت. زێدان غێدان، نەخۆش دەڵێت، "دەرزیی کیمیایی زۆر باشە و لێرە دەستمان دەکەوێت، ئەگینا زوو دەمردین، دەرمانەکە لە کڕین نایەت، کامەی بگرە 3 بۆ 4 وەرەقەیە."
 
نەخۆشێکی دیکە بەناوی مستەفا حوسێن دەڵێت، "90%ی دەرمانەکان نین، ئیدی ئەوەی دیکە هەمووی دەکڕین، من ئەوە 8 بۆ 9 ساڵە نەخۆشم، خوێنم دادەبەزێت و خوێنم کەمە، گورچیلەم تەواو نییە و هەموو دەرمانەکان لە بازاڕ دەکڕین."
 
بەپێی ئاماری سەنتەرەکە، لە ساڵی رابردوودا پێشوازی لە زیاتر لە 28 هەزار نەخۆش و سەردانیکەر کراوە، وێڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی نەخۆش و سەردانیکەر، دۆخیان لە ساڵانی پێشتر باشترە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە، هەرچەندە هێشتا هەندێک پێویستیی نەخۆش هەن لە توانای ئەواندا نییە.
 
دکتۆر دەریا ئەحمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە دەڵێت، "نەخۆشخانەکەمان پێویستی بە ئامێری تیشکی پێشکەوتووە، وەکو سیتی سکان، ئامێری رەنین و ئامێری پێت سکان، کە لە نەخۆشخانەکانمان نییە، تەنیا لە کەرتی تایبەت هەیە. سوپاس بۆ خودا سۆنار و تیشکمان هەیە، بەڵام پێویستمان بە شتی لەوە باشترە."
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق نزیکەی ‎%‎80ی دەرمان و پێداویستییەکانی نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە لە کەرکووک دابین دەکات، بەڵام هاتنی نەخۆش لە شارەکانی دیکەوە گوشاری لەسەر تەندروستیی کەرکووک دروست کردووە، هەربۆیە زیاتر لەوەیان پێویستە کە هێندەی ژمارەی دانیشتووانی کەرکووکیان بۆ رەوانە دەکرێت.
 
دکتۆر ئەرجان محەممەد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک دەڵێت، "هەندێک نەخۆش دێن تۆمارکراو نین، بەڵام تۆ ناچاری چارەسەری بدەیتێ، چونکە نەخۆشی شێرپەنجە نابێت بەبێ دەرمان بێت، تەنانەت رێنوێنیی وەزارەتیش وایە، ئەگەر نەخۆش هات تۆ ناچاری مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، نابێ رەتی بکەیتەوە، بەڵام وێڕای ئەوانەش دۆخەکە لە سەرووی باشەوەیە، نزیکەی 80% پێشتر وا نەبوو، زۆربەی نەخۆش دەرمان دەکڕێت."
 
ئەو بینایەی ئێستا سەنتەرەکەی لێ کراوەتەوە، لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە، بەڵام هێشتا لە کێشە سەرەکییەکانی تەندروستیی کەرکووک نەبوونی بینایەکی شیاوە بەو نەخۆشییە، بۆیە لە هەوڵدان کارەکانی دروستکردنی بینا تازەکە بۆ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە زوو تەواو بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە