رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی شەممە، کۆبوونەوەیەک لە شاری هەولێر بۆ تاوتوێکردنی پرسی مووچە و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی، 10ـی کانوونی دووەمی 2025، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سبەی کاژێر 10:00ـی بەیانی لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی سەرجەم لایەنەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەن ئەنجام دەدرێت."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، "بابەتی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکومەتی فیدراڵی."
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "وەک سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بەشدار دەبم لە کۆبوونەوەکەدا و پێم وایە سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی دیکەش بەشداردەبن. نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش تاوتوێکردنی پرسی مووچە دەبێت، لەگەڵ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ گرفت و بەربەستەکانی بەردەم هاتنی مووچەی مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت: "بڕیارە هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ بکرێن، بەڵام بە دووری دەزانین هیچ بڕیارێک لەسەر کشانەوەمان لە حکومەتی فیدراڵی بدرێت."
ئەمە لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە و رۆژی 8ـی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەیەکی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد: ''حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبووە بە دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2024 و چاوەڕوانین تەواوکاریی مووچەی مانگی 12ـمان بۆ بنێرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ