رووداو - کۆیە
لە کۆیە تەنیا رێکخراوێکی خێرخوازی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەیە، چەند پزیشکێکی لە خەم رەخساوی قەزاکە لەسەر ئەرکی خۆیان چاودێریی دۆخی تەندروستیی تووشبووانی شێرپەنجە دەکەن.
بەفرین حەمە غەریب، دانیشتووی قەزای کۆیە و تووشبووی شێرپەنجەیە، بەهۆی نەبوونی هیچ سەنتەرێکی حکومی و کەرتی تایبەت بە شێرپەنجە لە قەزاکە، سێ ساڵە بە گەرما و سەرما سەردانی هەولێر دەکات، دوای وەرگرتنی حەوت جار چارەسەری کیمیایی، ئێستا دۆخی تەندروستیی باشتر بووە.
بەفرین دەڵێت، "کۆیە قەزایەکی کۆڵنەدەر بووە، ئەگەر سەنتەرێکی شێرپەنجەی لێ بکرێتەوە، بارگرانی لەسەر نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانی کەم دەکەینەوە؛ یارمەتیی نەخۆشانی ئەوێ دەدەین، زۆرجار لەوێ قەرەوێڵە نییە لەسەری چارەسەر وەربگرین و بە پێوە دەوەستین،چارەسەری کیمیایی هەر لە سەرەتاوە خەوت لێ دەخات، پێویستت بە پشووە. لە بەیانی تاوەکو ئێوارە چاوەڕێین لەوێ هەتا سەرەمان دێت."
دکتۆر هاوکار باپیر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی رێکخراوی قارەمان شێخ بزێنی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان و خێرخوازان دەکات، هاوکاریی قەزای کۆیە بکەن، بۆئەوەی سەنتەرێک لە شارەکەدا بکەنەوە و هەر هیچ نەبێت بتوانن ئەو نەخۆشانە لەوێ دەرمانەکانیان وەربگرن.
تەندروستیی کۆیە نیگەرانە لە پشتگوێخستنی قەزاکەیان، چەند جارێک خراپیی دۆخی نەخۆشانی شێرپەنجەی کۆیەیان بە وەزارەتی تەندروستی و حکومەت گەیاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی نەبووە.
شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە دەڵێت، "رۆژانە خەڵک دێتە لامان بۆ دەرمان و پێداویستی. دەرمانی شێرپەنجەمان نییە لە کۆیە، چونکە سەنتەرمان نییە و دەبێت نەخۆشەکان بچنە هەولێر و سلێمانی بۆ چارەسەر."
کۆیە 113 کیلۆمەتر لە سلێمانییەوە و 71 کیلۆمەتریش لە هەولێرەوە دوورە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە قەزاکەدا نزیکەی 60 نەخۆشی شێرپەنجە هەن، سەرەڕای خراپیی دۆخی دارایی نەخۆشەکان، بەهۆی نەبوونی هیچ سەنتەرێکی چارەسەر، ناچارن بە دوو هەفتە جارێک بچنە نەخۆشخانەکانی هەولێر و سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ