رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشی سوپای وڵاتەکەی 3 گەریلا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە. پەکەکەش دەڵێت، سەربازێکی تورکیایان کوشتووە.
رۆژی هەینی 10ی کانوونی دووەمی 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی سێ گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە ناوچەی گارە لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە راگەیاند.
وەزارەتەکە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە هەر دۆخێکدا بەردەوام دەبن.
هاوکات ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگەش ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، لە رۆژانی 5 - 9ی کانوونی دووەم لە ناوچەکانی ئامێدی، زاپ، مەتین و خواکوڕک هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و لە ئەنجامدا سەربازێکیان لێ کوشتوون و یەکێکی دیکەشیان لێ بریندار کردوون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە "چنگ - قوفڵ،" کە بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ