ڤیدیۆیەکی رووداو هیوا دەداتە پیاوێک کە چارەنووسی پێنج ئازیزی ئەنفالکراوی ئاشکرابووبێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

ڤیدیۆیەکی تۆڕی میدیایی رووداو، هیوا دەداتە مام ئەحمەدی تەمەن 55 ساڵان کە چارەنووسی دایک و 4 خوشک و برای ئاشکرابووبن.
 
لە رووماڵی رووداو دا سەبارەت بە هەڵدانەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی نوێ لە سەماوە، جلی منداڵێکی ئەنفالکراو دەبینێ کە دەڵێت، رووفاتی برا 12 ساڵانەکەیەتی و خۆی ئەو جلەی بۆ کڕیبوو.
 
ئەحمەد حەمید، کەسوکاری ئەنفالە، وێنەیەکی بە دەستەوە گرتووە و بە ئاماژەی دەست دەیانناسێنێت: "ئەمە گەلاوێژی خوشکمە. ئەوە رەحیمی ئامۆزامە. ئەوە خێزانەکەی خۆمە. ئەوە عومەری برامە. ئەوەش ئاسکەی خوشکمە. ئەمەش جەیرانی ئامۆزامە. ئەوەش هاجەری کچی مام عەباسە. ئەم وێنەیە چوار کەسی ئەنفال بووە. سێیانی لە ماڵی خۆمانن. دوو خوشک و برایەکم." 
 
رۆژی 22-12-2024، دۆزینەوەی چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ لە ناوچەی تەل شێخییەی پارێزگای سەماوە راگەیێندرا. مەزەندە دەکرێ نزیکەی 150 ژن و منداڵی کورد تێیدا کۆمەڵکوژ کرابن.
 
ئەحمەد حەمید، کەسوکاری ئەنفالکراوان دەڵێت: "من چوومە ئەوێ، وێنەکانم پێیان پێشاندا، پێی کاریگەر بوون. گوتم هاتووم بۆ فایلەکەی عومەر، گەلاوێژ و دایکم. پرسیاری لێکردم، گوتی بەڵگەی ناسنامە چییان هەیە؟ گوتم بەڕێز ناسنامەیان بەكرەشەلە و سەر بە پارێزگای دیالەیە." 
 
مام ئەحمەد خەڵکی گوندی بەکرە شەلەی کفرییە. لەکاتی هێرشی بەعس، خۆی و سێ خوشکی لە دەرەوەی گوند بوون و وەبەر شاڵاوەکە نەکەوتوون. بەڵام جگە لە دایک و 4 خوشک و براکەی، نزیکە 30 هاونیشتمانیی گوندی بەکرەشەل ئەنفال کراون.
 
ئەنوەر حەمەلاو، ئەندامی کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال دەڵێت: "لە 1988ـەوە تاوەکو ئێستا، ئەوە نزیکەی 38 ساڵە گۆڕەکانیان نادیارن، بۆیە پەلەکردن لە هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان بۆ زێدی باوباپیرانیان یان بۆ هەرێمی کوردستان داواکاریی سەرەکیی ئێمەیە."
 
لەدوایین گۆڕی بەکۆمەڵی سەماوە دا، تائێستا نزیکەی 60 رووفاتیان دەرهێناوە. بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، هۆکاری سستیی دەرهێنانی رووفاتەکان بۆ بچووکیی گۆڕەکە و لە ئامێزگرتنی منداڵەکان لەلایەن دایکەکانیانەوە دەگەڕێنێتەوە کە وایکردووە ئێسک و پرووسکیان تێکەڵ بەیەک بێ و کاری دەرخستنیان زۆر ئاڵۆز و قورس بکات.
 
تائێستا بە 11 قۆناخ  2551 رووفات هێنراونەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.