مقاوەمەی ئیسلامی: هێرشمانکردە سەر بنکەیەکی ئەمریکا

رووداو دیجیتاڵ

گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە عێراق، کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، رایگەیاند هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە نزیک شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان بە چەکێک کە بە"گونجاوی" ناوبردووە، بەبێ ئەوەی ئاشکرا بکات.
 
شەوی چوارشەممە، 10-1-2024، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ، لە کەناڵی تەلەگرام نووسیویەتی "لە درێژەی رێبازمان لە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکار و سەرخستنی کەسوکارمان لە غەززە و لە وەڵامی ئەو تاوانانەی قەوارەی داگیرکار لە دژی هاووڵاتیانی سڤیلی فەلەستین لە منداڵان، ئافرەتان و پیر و پەککەوتە دەیانکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لەرێگەی چەکی گونجاوەوە هێرشیانکردە سەر بنکەی هیمۆی داگیرکاری ئەمریکا، کە دەکەوێتە رۆژئاوای فڕۆکەخانەی قامیشلۆ."
 
مقاوەمەی ئیسلامی - شیعە لە بەشی کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، لە بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبن و بەڵێن دەدات هێرشەکانیان زیاتریش بکەن. 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکانی مقاوەمە، گرووپەکە تاوەکو ئێستا بەرپرسیاریێتی لە 70 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ گرتووە، یەکەمجاریشە هێرش دەکاتە سەر بنکەی هیمۆ. 
 
ئەو هێرشەی ئەو گرووپە لە کاتێکدایە، هەر ئەمشەو رایگەیاند بە درۆن هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی هێزەکانی داگیرکاری ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دواتر دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد "کاژێر 20:58ـی ئەم شەو درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لەلایەن میلیشیا لەیاسادەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرابوو، تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە."
 
هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان لە 17 تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، زیاتر لە 120 جار کەوتوونەتە ژێر هێرشی درۆنی و مووشەکیی گرووپە چەکدارەکان کە خۆیان بە پشتیوانکاری غەززە دادەنێن.