دژەتیرۆری کوردستان: درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە فڕۆکەخانەی هەولێر خرایە خوارەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، کاژێر نزیکەی 09:00 ئەمشەو درۆنێک، کە لەلایەن "میلیشیا لە یاسادەرچووەکانەوە" ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو، خرایە خوارەوە، گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتیی هێرشە درۆنییەکەی لە ئەستۆ گرت.
 
شەوی چوارشەممە، 10-1-2024، گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامیی - شیعە" راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشێکی درۆنێی ئەمشەوییەوە بۆ سەر بنکەیەکی هاوپەیمانان لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر  بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە بەردەوامیی پەیڕەومان لە مقاوەمەکردنی هێزەکانی داگیرکاریی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە و لە وەڵامی ئەو هێرشانەی قەوارەی زایۆنی دژ بە کەسوکارمان لە غەززە پەیڕەوی دەکات، موجاهیدانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بنکەیەکی هێزەکانی داگیرکەری لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە درۆن کردووەتە ئامانج." دەشڵێت، ئەوان لە بە ئامانجگرتنی هێز و بنکەکانی ئەمریکییەکان بەردەوام دەبن.
 
هاوکات، شەوی چوارشەممە، 10-1-2024، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کاژێر 20:58ـی شەوی 10ـی کانوونی دووەمی 2024 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لەلایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە ئاراستەی بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرابوو تێکشکێندرا و خرایە خوارەوە."
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی شیعە، کە خۆیان "بە مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە دژی بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان دەستیپێکردووە.
 
یەکەم هێرشی ئەو گرووپە بۆ سەر ‌هێزەکانی ئەمریکا، بەپێی ئەو راگەیێندراوانەی لە کەناڵی تەلەگرامی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، لە 17ـی ئۆکتۆبەری 2023 بوو، کە رایانگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار و هەریر لە هەولێر.
 
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا، گرووپی چەکداری شیعەی بەناو "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیاریێتیی خۆی لە 17 هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 12 ‌هێرش بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەریر، لە ئەستۆ گرتووە.