​تێڕوانینی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەغدا لەبارەی مووچە "ئەرێنییە"

10-01-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن مووچە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا تاوتوێی مووچەی مووچەخۆرانی کرد  و رایگەیاند "بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی رێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی بابەتی مووچە".
 
بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری ئەمڕۆ (چوارشەممە، 10-1-2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڕگەی یەکەمدا، ئەنجامی سەردانی ئەم هەفتەیەی شاندی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لە لایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی؛ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و خستنەڕووی پڕۆژە و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراون."
 
ئەو شاندە رۆژی شەممە، 06-01-2024 سەردانی بەغدای کرد.  بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، داوای لە بەغدا کردووە، تاوەکو یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە، بۆ ئەم مانگە 750 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستانکاری هەرێم کردووە بۆ "هەوڵەکانیان لەپێناو بەدەستهێنانی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان" و پێشکەشکردنی زانیاریی پێویست و، "واڵاکردنی تۆمارەکانی دامەزراوەکانی هەرێم بۆ دەستە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێری لە بواری میلاکی وەزیفی، نەوت، داهات و خەرجییە نەوتی و نانەوتییەکان".
 
لە هەمان کاتدا ئەنجوومەنی وەزیران "خۆشحاڵی دەربڕی لەبەرامبەر تێگەیشتنەکانی ئەم دواییەی حکومەتی فیدراڵ و بەرەوپێشچوونەکان بە ئاراستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵ و لابردنی ئەو کۆت وبەندانەی یاساکە، کە رێگرن لە بەرامبەر خەرجکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش مووچە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرە و دەبێت تێکەڵی کێشە و بابەتەکانی دیکە نەکرێت."
 
سەبارەت بە شایستە دواکەوتووەکانی مووچەی مووچەخۆران، کە مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە، ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە هەڵوێستی خۆی دەکاتەوە "حکومەتی فیدراڵ دەبێت بەرپرسیاریێتی خۆی بەجێبگەیەنێت بۆ ناردنی ئەو مووچانە و چاوەڕوانیشمان لە حکومەتی فیدراڵە بۆ ئەم مانگە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات، لەم ڕووەوە بە ئەرێنییەوە دەڕوانینە هەوڵە هاوبەشەکانی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ بۆ هێنانەکایەی رێكکەوتنێکی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی بابەتی مووچە و بەرجەستەکردنی ئەم رێککەوتنە لەنێو هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ. ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش بووە وەک پابەندییەکانی، بەجێ گەیەندراوە و بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیی و هاوکاری بۆ ئەم مەبەستە."

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە