رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق خشتەیەکى دیکە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ئامادە دەکات و دەیداتە ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بە مەبەستى پەسندکردنی، تاوەکو دواتر لەگەڵ هەرێمى کوردستانى گفتوگۆى لەسەر بکات.
بە گوێرەى نووسراوێکى موهەنەد فازل عەباس، یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى هەڵبژاردن بۆ کاروبارى تەکنیکى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، کە 9ـی کانوونى دووەمى 2024، ئاراستەى سەرۆکى ئەو فەرمانگەکەى کردووە، خشتەیەکى نوێى ئامادەکارى کۆمیسیۆنى ئاراستە کردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2024دا.
بە گوێرەى نووسراوەکە ئەو خشتەى کارە ئاراستەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران دەکرێت بەمەبەستى پەسندکردنى و لەسەر ئەو بنەمایەش وادەیەک لە چەند رۆژى داهاتوودا دیاریدەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەرى لەگەڵ نوێنەرانى هەرێمى کوردستان.
رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوەداوە، ناتوانێت لە 25ـی شوباتی 2024 کە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کراوە، هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
پێشتر کۆمیسیۆن خشتەیەکى ئامادەکاریى بۆ ئەو هەڵبژاردنە دانا، بەڵام بە پاساوى سەرقاڵبوونى بە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق و نەبوونى بودجەى پێویست و یەکلانەبوونەوەى سکاڵایەک لە دادگەى باڵاى فیدراڵى لە دژى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان نەیتوانى خشەى ئامادەکارییەکە وەک خۆى جێبەجێبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ