لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنە سێ کەس گیانیان لەدەستدا

10-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، سێ کەس گیانیان لەدەستدا. رووداوەکە درەنگی شەوی سێشەممە و لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی سەقز - دیواندەرە روویداوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2024 عیسا گەوهەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی کوردستان رایگەیاند، "شەوی سێشەممە ئاگادار کراینەوە کە رووداوێکی هاتووچۆ لەسەر رێگەی سەقز - دیواندەرە و نزیک لە شارۆچکەی زەرینە روویداوە، بۆیە دەستبەجێ تیمێکی پۆلیسی هاتووچۆ و فریاکەوتنمان بۆ شوێنی رووداوەکە نارد."
 
عیسا گەوهەری گوتی، رووداوەکە لەنێوان تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا روویداوە، بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە، کە هەر سێ کەسیان سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەن.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی کوردستان، بەپێی لێکۆڵینەوەی تیمەکانیان، لادانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە لە رێڕەوی خۆی هۆکاری رووداوەکە بووە.
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانلەدەستدەدەن.
 
رۆژی 23-12-2023 عیسا گەوهەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی کوردستان رایگەیاندبوو، لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا 231 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە پار بە رێژەی 7% کەمتر بووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی ئەم ساڵەوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.3٪ زیادی کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە