دەستەی ژینگە: هەر ئۆتۆمبێلێک بەردی گزۆزی نەبێت تۆمار ناکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاوئاهەنگییان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ کردووە و بڕیاردراوە، هەر ئۆتۆمبێلێک هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت، ئەگەر بەردی گزۆزی نەبێت، تۆمار ناکرێت. دەشڵێت، "لە هەوڵی هێنانی کۆمپانیایەکی جیهانین بۆ پێوانەکردنی رووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان، بۆئەوەی لە رێگەیەوە یارمەتی لە سندووقی سەوزی جیهانی وەربگرین."
 
رۆژی چوارشەممە 10ی کانوونی دووەمی 2023 عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا چالاکییەکانی ساڵی 2023 و پلانی ئەم ساڵی بەڕێوەبەرایەتییەکەی خستەڕوو و گوتی، "ئەم ساڵ بایەخی زیاتر بە مادەی 33ی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەدەین، کە باس لەوە دەکات هەموو تاکێک مافی ئەوەی هەیە لە بارودۆخێکی سەلامەتی ژینگەییدا بژی، لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لێکتێگەیشتنێک واژۆ دەکەین، بۆئەوەی کار لەسەر ئەو مادە دەستوورییە بکەین."
 
عەبدولڕەحمان سدیق رایگەیاند، "ساڵی 2023 بایەخی زیاترمان بە پرسی ژینگە لەنێو قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دا و لە رێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پەیمانگەی گوتاربێژاندا دوو وانەی هەمیشەیی ژینگەییمان خستە نێو پرۆگرامەکەیانەوە و بۆ ئەم ساڵیش لەگەڵیان بەردەوام دەبین."
 
لەبارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی ژینگەدۆست بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دەستەی ژینگە گوتی، "وەزیری نێوخۆ گشتاندنی بۆ بڕیارێک کرد کە لە ساڵی 2024ەوە هەر ئۆتۆمبێلێک هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەگەر بەردی گزۆزی دەرهێنابێت، تۆمار ناکرێت."
 
هەروەها سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ئەوەی خستەڕوو، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان ئەنجوومەنی باڵای ئاو دامەزرا کە پێشتر ئاوی هەرێمی کوردستان فرەخاوەن بوو، بەڵام بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2022 کە ئاماژە بەوە دەدات وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی دەستەی ژینگە و بەڕێوەبەرە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ پێکەوە بڕیار لە دۆسیەی ئاو دەدەن، ئەنجوومەنی باڵای ئاو لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە.
 
عەبدولڕەحمان سدیق پێیوایە ساڵانە رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان روو لە هەڵکشان دەکات و ئەوەش بە واتای کەمکردنەوەی دوانۆکسیدی کاربۆنە و دەشڵێت، "دەبێت لە بەرامبەر کەمکردنەوەی هەر رێژەیەکی دوانۆکسیدی کاربۆن پاڵپشتیی دارایی لە سندووقی سەوزی جیهانی وەربگرین، بۆ ئەمەش پێویستمان بە کۆمپانیایەکی جیهانیی بێلایەنە لە هەرێمی کوردستان."
 
هەروەها بوونی ئەو کۆمپانیا جیهانییە لە هەرێمی کوردستان رووندەکاتەوە و دەڵێت، "بۆ ئەوەیە، ساڵانە پێوانەمان بۆ بکات، بۆئەوەی بزانرێت زیادبوونی رووبەری سەوزایی و کەمکردنەوەی کاربۆنمان بە چ رێژەیەک بووە و لەبری کەمکردنەوەکەدا لەلایەن سندووقی سەوزی جیهانی، یارمەتی بدرێین. ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین بۆ ئەم مەبەستە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانی بکەین."