هاوژینی ئەو ژنەی لە ئامەد کوژرا زیندانیکرا
رووداو دیجیتاڵ
هاوژینی ئەو ژنەی رۆژی دووشەممە لە ئامەدی باکووری کوردستان تەرمەکەی دۆزرایەوە، خرایە زیندانەوە.
دوای ئەوەی تەرمەکەی لە ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی کۆرهاتی ناوچەی باغڵار لە ئامەد دۆزرایەوە، رۆژی سێشەممە 9-1-2024 دادوەر بڕیاری زیندانیکردنی نەجمەدین باڵی دا کە هاوژینیەتی.
ئەگەرچی تەواوی تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، بەڵام نەجمەدین باڵ بە تۆمەتی کوشتنی هاوژینەکەی خرایە زیندان و پرۆسەی دادگەییکردنی دەستیپێکرد.
پەروین باڵە، کە تەمەنی 45 ساڵە و دایکی دوو منداڵە و تەرمەکەی لە نێو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە، لە چەند شوێنێکی جەستەیدا برین هەبووە و بە چەقۆ لێیدراوە. دوای ئەوەی هەواڵ بە تیمەکانی فریاکەوتن دراوە، گەیشتنە ئەوێ و رایانگەیاند، ژنەکە گیانی لەدەستداوە. تەرمی پەروین باڵ بۆ توێکاری رەوانەی دادپزیشکی کرا. پۆلیس دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و هاوژینی باڵ وەکو گومانلێکراوی تاوانەکە دەستگیرکرا.
ئاماری کوژرانی ژنان
پلاتفۆرمی تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین (KCDP)، مانگانە و ساڵانە راپۆرتی کوژران و گیانلەدەستدانی ژنان لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاودەکاتەوە. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی، لە ساڵی 2023ـدا 315 ژن لەلایەن پیاوانەوە کوژراون، 248 ژنی دیکەش شێوازی گیانلەدەستدانیان گومانی لەسەرە و تەمومژاوییە. زۆرترین کوژرانی ژنان لە گەورەشارەکانی تورکیادا تۆمارکراون. ئیستەنبووڵ 49، ئیزمیر 27، ئەنقەرە 22، ئەدەنە 18، ئەنتالیا 16، مانیسا 13. لە کۆی ئەو 315 ژنەی کوژراون؛ 38ـیان لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان بوون. زۆرترین کوژرانی ژنان لە باکووری کوردستان لە ئامەد بووە کە لە ساڵی رابردوودا شەش ژن بوون. لە 11 پارێزگای باکووری کوردستان لە 2023ـدا هیچ کوشتنێکی ژنان تێیاندا تۆمارنەکراوە.
لە راپۆرتی ئەو پلاتفۆرمەدا باس لەوە کراوە، تەنیا لە ساڵی 2011 لەوکاتەی تورکیا واژۆی لەسەر بەڵێننامەی ئیستەنبووڵ کرد، ئاماری کوژرانی ژنان کەم بووە. ئەگەرنا لە ساڵەکانی دیکەدا ژمارەی ژنانی کوژراو زیادی کردووە. بەتایبەتی دوای کشانەوەی تورکیا لە بەڵێننامەکە، ئامارەکانی کوژرانی ژنان رووی لە زیادبوونێکی نائاسایی کردووە. بەڵام حکومەتی تورکیا پێداگرە لەسەر بڕیاری کشانەوەی لەو بەڵێننامەیە و رەتیدەکەنەوە کە ئەوە رێگەیەکی دروست بێت بۆ رێگریکردن لە کوژرانی ژنان.
پەیماننامەی ئیستەنبووڵ چییە؟
تورکیا رۆژی 11-5-2011 واژۆی لەسەر پەیماننامەی ئیستەنبووڵ کرد کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی دژی ژنان. پەیماننامەکە لە ساڵی 2014 بە رەزامەندی 10 وڵات خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، لە مانگی تەمووزی 2019ـشدا لە لایەن 34 وڵات و یەکێتیی ئەوروپاوە پەسندکرا. پەیماننامەکە لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتیدا بە یەکەمین پەیماننامە هەژمار دەکرێت، کە جەخت لەسەر ئەنجامەکانی تووندوتیژی دژ بە ژنان، نایەکسانیی نێوان ژن و پیاو و جیاکاری لە دژی ژنان دەکاتەوە.
تورکیا لە پەیماننامەکە کشایەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 20-3-2021 بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان، واژۆی لەسەر کشانەوە لە پەیماننامەکە کرد، بڕیارەکەش لە رۆژنامەی فەرمیی ئەو وڵاتە بڵاوکرایەوە. کشانەوەی تورکیا لە پەیماننامەکە لە چەندین شاری باکووری کوردستان و تورکیا دەنگی ناڕەزایی ژنانی لێکەوتەوە. وڵاتانی ئەندام لەم پەیماننامەیەدا رێکاری یاسایی تووند لە دژی ئەم رەفتارانە دەگرنەبەر کە پەیماننامەکە بە تاوان دەیانناسێنێت:
- تووندوتیژی خێزانی (جەستەیی، سێکسی، دەروونی یان ئابووری)
- هەوڵدان بۆ گێچەڵی سێکسی
- تووندوتیژی سێکسی، لەوانە دەستدرێژی سێکسی
- گێچەڵی سێکسی
- هاوسەرگیریی بەزۆر
- خەتەنەکردنی ژنان
- لەباربردن و نەزۆککردنی بەزۆر