لە مەلەتیی باکووری کوردستان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و چوار کەس بریندار بوون
رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی حەکیمخانی سەر بە پارێزگای مەلەتیی باکووری کوردستان ئۆتۆمبێلێک وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار کەس بریندار بوون.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 10-01-2024 لە رێگەی حەکیمخان - قوڵونجاق روویدا. بارینی بارانی زۆر وایکردووە رێگەکە خلیسک بێت و بەهۆیەوە ئۆتۆمبێلەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە. ئۆتۆمبێلەکە بە شۆفێرەوە چوار کەسی تێدا بووە، کە هەموویان بریندار بوون و دۆخی دووانیان ناجێگیرە. هەریەک لە شۆفێر، (س ک)، (ئـ ت) و (س گ) کە بریندار ببوون، لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی مەلەتی.
بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، ساڵی 2023 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 555,668 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. لەو رووداوانەدا 2984 کەس گیانیان لەدەستداوە و 354,323 کەسیش بریندار بوون.
بەگوێرەی هەمان ئامار بۆ ساڵی 2022، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485,048 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. لەو رووداوانەدا 2282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291,151 کەسیش بریندار بوون. هەروەها ساڵی 2021 ملیۆنێک و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتووچۆ روویاندابوو، بەهۆیانەوە 5362 کەس گیانیان لەدەستدابوو، هەروەها 274,615 کەسی دیکەش بریندار ببوون.