بەردەڕەش نەخۆشخانەی گشتی نییە؛ بۆ نەشتەرگەری نەخۆش رەوانەی ئاکرێ یان دهۆک دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

لە سەنتەری قەزای بەردەڕەش تەنیا یەک بنکەی تەندروستی هەیە کە رۆژانە نزیکەی 250 نەخۆش سەردانی دەکەن. لە سنووری قەزاکەش 18 بنکەی تەندروستی هەن. نزیکەی 20 ساڵە کێشەی سەرەکیی خەڵکی سنوورەکە، نەبوونی نەخۆشخانەیەکی گشتی و گرفتی رێگەوبانە.
 
هەیسەم عەزیز، پەرستارە لە بنکەی تەندروستیی بەردەڕەش و بە رووداوی گوت، "دوای کاژێر 23:00ی شەو تاوەکو 08:30ـی بەیانی تەنیا دوو پەرستار دەمێنینەوە کە هەردووکمان پیاوین، هیچ پەرستاری ئافرەتمان نییە و هەروەها بەردەستمان نییە، بە تەنیا هەردووکمان منداڵ، ئافرەت، گەنج و بەساڵاچوو بەڕێدەکەین."
 
حوسێن سلێمان، مامۆستایە و دانیشتووی بەردەڕەشە، دەڵێت، "ئەگەر ئافرەتێک پێویستی بە سێلانێک بێت یان کانیولا، کەسێکی وا نییە [لە بنکەی تەندروستیی بەردەڕەش] بۆی دابنێت. ئەوە گرفتی هەرە گەورەیە." 
 
باڵەخانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش لەلایەن خێرخوازێکەوە بە گوژمەی 960 هەزار و 622 دۆلار دروستکراوە و  تەواوبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوەتەوە و هیچ پزیشک و ئامێرێکی پێویستی بۆ دابین نەکراوە.
 
نەشوان بەرزنجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی بەردەڕەش دەڵێت، "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی قەزای بەردەڕەش چاوەڕوانی وەڵامی ئەو داواکارییەین کە پێشکێشمان کردووە بۆ پێداویستییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە کە دابین بکرێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی خۆمان لە سنووری قەزای بەردەڕەش."
 
ژمارەی دانیشتووانی بەردەڕەش نزیکەی 150 هەزار کەسە. نەبوونی نەخۆشخانەی گشتی لە قەزاکە، یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی خەڵک لە ناوچەکە. هەرکاتێک نەخۆشێک پێویستی بە نەشتەرگەری یان فریاگوزاریی خێرا بێت، رەوانەی ئاکرێ یان دهۆک دەکرێت.

 

 
بەرنامەی رۆژی سێشەممە 10-01-2023ـی تۆڕی میدیایی رووداو تایبەت بوو بەو پرسە.
 
دکتۆر نارین عومەر، بەڕێوەبەری تەندروستیی بەردەڕەش لە بەرنامەی بەرپرسیار کە شەهیان تەحسین پێشكێشی دەکات، گوتی: لە بنکەی تەندروستیی بەردەڕەش دوو دەوام دەکرێت و شەوانە دوو پەرستار دەمێننەوە، چونکە تاوەکو ئێستا نەخۆشخانەمان نییە و هۆڵێکی لەدایکبوونمان هەیە کە تەنیا بۆ لەدایکبوونی سرووشتییە و نەشتەرگەریی تێدا ناکرێت."
 
سامر رەشید، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی بەردەڕەشە، لە بەرنامەی بەرپرسیاردا، قەزای بەردەڕەشی بە "فەرامۆشکراو و سزادراو" ناوبرد و گوتی: "دەرمان لە بنکە تەندروستییەکان نییە و پێداویستییە پزیشکییە سەرەتاییەکان لە بەردەڕەش نین، نەخۆشخانەیەکی [100] قەرەوێڵەیی لە 2013ـەوە بەردی بناخەی دانراوە و تەواو نەکراوە."
 
هاوکات دکتۆر ئەڤراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک لە بەرنامەی بەرپرسیار هۆکاری نەکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەشی بۆ خەرجنەکردنی ئەو بودجەیە گەڕاندەوە کە ئەوان بە نووسراوێک بەرزیانکردووەتەوە و دەڵێت، "داوای خەرجکردنی ملیارێک و 600 ملیۆن دینارمان بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش کردووە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی داراییەوە رەتکراوەتەوە".