راکێشانی هێڵێکی دیکەی کارەبا بۆ ئیدارەی سۆران تەواوبوو


رووداو دیجیتاڵ 

بۆ ئەوەی چیتر نۆرەی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە سنووری ئیدارەی سۆران نەمێنێت و تەزووی کارەباکەی لە 200 مێگاواتەوە ببێتە 340 مێگاوات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی حەوت ملیۆن دۆلار هێڵێکی دیکە کارەبای لە هەولێرەوە بۆ سۆران راکێشا.
 
دوای 180 رۆژ کارکردنی بەردەوام بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئەمڕۆ دووشەممە 10-1-2022 کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان بە فەرمی تەواوبوونی پرۆژەکەی راگەیاند.
 
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە، کەمال محەممەد گوتی، "تێچووی پڕۆژەکە بڕی حەوت ملیۆن دۆلار بووە و بەپێی گرێبەستەکە و لە کات و ساتی خۆیدا کۆمپانیای جێبەجێکار تەواوی کردووە."
 
ئامانج لە پڕۆژەکە، وەکو وەزیری کارەبا رایگەیاند باشتربوونی ڤۆڵتیە، "پێشتر نەدەکرا سنوورەکە لە یەککاتدا هەمووی پێکەوە سوودمەندی کاتەکانی هەبوونی کارەبا ببن و ئێستا ئەو کێشەیان نەماوە. پێشتر هێڵەکە ئاریشەیێکی هەبووایە ئەم سنوورە بێ تەزووی کارەبا دەبوو، لەمەودوا دەتوانن سوود لە هێڵی دووەم وەربگرن."
 
وەزیری کارەبا گوتیشی، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبڕی 214 ملیۆن دۆلار، 32 پڕۆژە لە بواری گواستنەوەی کارەبادا لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون. هەروەها 917 پڕۆژە لە بواری دابەشکردنی کارەبا بە گوژمەی 126 ملیار دینار جێبەجێ کراون.
 
سەبارەت بە دانانی پێوەری زیرەکیش، وەزیری کارەبا دەڵێت، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 150 هەزار پێوەری زیرەک دانراون.
 
ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی حەوت هەزار مێگاوات کارەبایە و بە بەراورد بە سەرەتای ساڵی رابردوو 48٪ـی بەرهەمهێنانی کارەبا زیادیکردووە. وەزیری کارەبا راشیگەیاند، لەم مانگەدا کار دەکرێت بۆ وەبەرهێنانی بڕی 100 مێگاوات کارەبا لەم سنوورە بەرهەمدەهێندرێت.