شارەوانیی سلێمانی سێ هەزار سەگی بێلانە لە شێڵتەرێکدا کۆدەکاتەوە

10-01-2022
هۆرڤان رەفعەت
کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان
کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان
نیشانەکردن سەگی بێلانە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە شوێنێکی تایبەتدا ئاژەڵە بێلانەکان لەنێویاندا سەگە بێلانەکان کۆدەکاتەوە. جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانیش دەڵێت، خۆیان سەگ و ئاژەڵە بێلانەکانی شار کۆدەکەنەوە.
وەرگرتنی سەگ و ئاژەڵە بێلانەکانی دیکە بۆ ئەو شوێنەی تایبەتکراوە بۆیان، لە رۆژی دووشەممە 10-1-2022ـەوە دەستیپێکردووە. ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆیان سەگ و ئاژەڵە بێلانەکان لەنێو شاردا کۆدەکەنەوە و هەر هاووڵاتییەکیش سەگیان بۆ ببات لێی وەردەگرن.
 
ئاکۆ عەلی گوتی، "پرۆژەکە لە چوار بەش پێکهاتووە، بەشێکیان سەگە نێرەکانی لێ دادەنێین، بەشێکیشیان بۆ سەگی مێ، بەشێکیشیان بۆ تووتکەکان و ئەوەی دیکەش بۆ سەگی هاوشار، ئەگەر پێویست بکات بەینەکانیان پەرژین دەکەین، بۆ هەموو بەشەکان کەپر و دیوارمان بۆ دروستکردوون و تیممان داناوە بۆ پاککردنەوەی شوێنەکە بۆ هێنانی خواردن."
شارەوانیی سلێمانی لەگەڵ پاراستنی سەگ و ئاژەڵە بێلانەکانی دیکەدا، دەیەوێت هاووڵاتییانیش بپارێزێت لە هەر  مەترسییەک کە ئاژەڵە بێلانەکان دروستیبکەن. بۆ ئەو مەبەستە شارەوانی خۆی رۆژانە بەئۆتۆمبێلی تایبەت بە گەڕەکانی ناو سلێمانی دەگەڕێت بۆ بردنی سەگە بێلانەکان بۆ ماڵە نوێکەیان. بڕیارە سێ هەزار سەگ لەو شوێنە وەربگیرێت.
 
ئاکۆ عەلی باسی لەوەشکرد، "مەرجی ئێمە ئەوەیە کە تەنیا ئەو سەگانە وەردەگرین کە هی ناو سلێمانین نەک قەزا و ناحیەکان، چونکە ئەوانیش دەتوانن خۆیان شوێنێک دروست بکەن، هەر هاونیشتمانییەکیش بتوانێت خۆی سەگمان بۆ بێنێت ئێمە دوو بۆ سێ هەزار دیناری پێدەدەین، بەڵام بۆ سەگی گەورە نەک بەچکە."
ئاکۆ عەلی دەڵێت، شارەوانیی سلێمانی سەرپەرشتیی شوێنەکە دەکات کە لە زەوییەکدا لانەیان بۆ دروستکراوە، خۆراکیان پێدەدرێت و چاودێریی دەکرێن، سەرجەم تێچووەکەشی لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەبێت.
 
د. ئاری سەلاحەدین، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی سلێمانی بە رووداوی گوت، "تیمەکانی ئێمە دێنە ئێرە بۆ ئەنجامدانی کاری ڤاکسینکردن و چارەسەرکردن، هەر ئاژەڵێک پێویستی بە چارەسەرکردن یان نەشتەرگەری هەبێت بۆی ئەنجام دەدەین جا هەر جۆرە نەشتەرگەرییەک بێت."
 
فەرمان عەزیز، ئەندامی رێکخراوی پاکۆ باسی لەوە کرد، "ئێمە هەموومان لێرە خۆبەخشین، ئەوەی بتوانین ئەنجامی دەدەین، بەڵام بەڕاستی هەموو شتێک بەئێمە ئەنجام نادرێت، پێویستە کارمەند و پزیشکی تایبەت لێرە دابنرێت و لەیەکدی جیابکرێنەوە بۆ ئەوەی سەگەکان لەگەڵ یەکدی شەڕ نەکەن و لێرە پارێزراو بن."
لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، چەندین جۆر ئاژەڵی بێلانە لە گەڕەکەکاندا هەن، بەتایبەت سەگ و پشیلە، لە ساڵانی رابردوودا لە هەندێک شوێنی جیاواز بەڕێگەی جیاجیا سەگەکان لەنێودەبران، ئەوەش ناڕەزایی تووندی بەشێکی هاونیشتمانیان، ژینگەدۆست و ئاژەڵدۆستانی لێکەوتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن لە هەواڵی ئەکرەم ساڵحی پرسی

نێچیرڤان بارزانی: بەدواداچوون بۆ کەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح بکرێت

نێچيرڤان بارزانى له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵحى پرسى، كه‌ دوێنێ له‌به‌رده‌م ماڵى خۆيدا له‌ كه‌لار له‌ هه‌وڵێكى تيرۆركردن به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى، رزگار بوو.