عەلی حەمە ساڵح: سۆران عومەر و ئاسایشەکانی پردێ میلی تفەنگیان هێنایەوە

رووداو- هەولێر

پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی رووداوی رێگریی لێیان لە بازگەی پردێ دەڵێت: "دەمەقاڵە لەنێوان سۆران عومەر و ئاسایشی بازگەکە دروستبووە و چەکدارەکان لەدەوری کۆبووبوونەوە و سۆران عومەریش میلی دەمانچەکەی هێنایەوە بۆیان".


ئێوارەی رۆژی سێشەممە 10-1-2017 بڵاوکرایەوە کە دوو پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی رێگرییان لێکراوە لە بازگەی پردێ بێنە هەولێر، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: "نزیکه‌ی یه‌ک کاژێر و نیو رایانگرتین و دواتر به‌رپرسی بازگه‌کان رایگه‌یاند کە ده‌بێت هه‌ردووکتان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سلێمانی".

تارق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ فەرمانێکمان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو دوو پەرلەمانتارە دەرنەکردووە، رەنگە هۆکارەکە لە ئەنجامی دروستبوونی دەنگەدەنگی نێوان پەرلەمانتارەکان و ئاسایشی بازگەکە بووبێت".

دەقی روونکردنەوەکە...

کاتژمێر هه‌شت و نیوی ئه‌م شه‌و له‌گه‌ڵ خێزانم ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر. کاک سۆران عومه‌ر و خێزانه‌که‌شی بۆ هه‌ولێر ده‌هاتن. 

له‌ بازگه‌ی پردێ، که‌ ئۆتۆمبیلی سۆران عومه‌ر پێش ئۆتۆمبیلی من بوو، دوای ئه‌وه‌ی دوای هه‌ویه‌ی لێده‌که‌ن، هه‌ویه‌که‌یان پێده‌دات، دواتر پێیده‌ڵێن: "ئۆتۆمبیله‌که‌ لاده‌، پاشان ده‌بێت به‌ده‌مه‌ قاڵه‌و ژماره‌یه‌کی زۆری چه‌کدار له‌ده‌وری ئۆتۆمبیله‌کان کۆبونه‌وه‌و میلی تفه‌نگیان هێنایه‌وه‌و کاک سۆرانیش میلی ده‌مانچه‌ی هێنایه‌وه‌( بۆ زانینی رووداوه‌که‌ وه‌ک خۆی کامیره‌ی سه‌یته‌ره‌که‌ هه‌یه‌ کێ ده‌ستپێشخه‌ری کردووه‌).

پاش ئه‌وه‌ی نزیکه‌ی یه‌ک کاتژمێر و نیو ڕایانگرتین و من به‌شێوه‌ی دیالۆگ و لێکتێگه‌شتن زور هه‌وڵمدا گرفته‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌م. به‌ڵام بێ ئه‌نجام بوین و له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌ ده‌یانهێشت بگه‌ڕێیه‌نه‌وه‌ سلێمانی و نه‌ده‌یانهێشت داخڵبین. 

دواتر کاتژمێر 10 به‌رپرسی بازگه‌کان ڕایگه‌یاند: ده‌بێت هه‌ردووکتان بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سلێمانی. 
عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح