رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت، بەم نزیکانە پرۆژەی گەورەی ئاوی شنگال دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە گرنگترین و گەورەترین پرۆژەیی خزمەتگوزارییە لە مێژووی شنگال و یەک ملیار دۆلاری تێدەچێت.
خەلەف شنگالی، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، رۆژی دووشەممە (09-12-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "90٪ی رێکارەکانی پرۆژەی ئاوی گەورەی شنگال تەواو بووە، بەم نزیکانە پرۆژەکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
تاوەکو ئێستا دانیشتووانی سنووری قەزای شنگال و رۆژئاوای نەینەوا بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە ئاوی بیرەکان و ئاوی تانکەر دەبەستن و بەشێکیشیان ئاو دەکڕن. خەلەف شنگالی دەڵێت: "یەکەمجارە شنگال گرنگترین و گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزاریی لەم شێوەیە بۆ دەکرێت و بەتەواوبوونی پرۆژەکە کێشەی ئاوی چارەسەر دەبێت".
بەگوتەی راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، تێچووی پرۆژەکە نزیکەی ملیارێک دۆلارە، ئاو لە رووباری دیجلە رادەکێشرێت بۆ شنگال، سنوونێ، رەبیعە و بەعاج، کە بەکۆی گشتی نزیکەی 600 هەزار دانیشتووانی سنوورەکە سوودمەند دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ