رووداو دیجیتاڵ
بۆمبێکی چێنراو، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان هەردوو ناحیەی سەرسنگ و بامەڕنێ تەقییەوە و هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو.
سەرچاوەیەک لە ناحیەی بامەڕنێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 11:45ـی ئەمڕۆ (دووشەممە، 9-12-2024) کاتێک لەو رێگەیەوە لە گوندی سکرینێ بۆ کانیکا لە سنووری هەردوو ناحیەی سەرسنگ و بامەڕنێ دەچوون، دەنگێکی گەورەیان بیستووە، کە گەیشتوونەتە شوێنەکە بینیویانە بۆمبێکی چێنراو تەقیوەتەوە، رێگەکەی تێکداوە.
سەرچاوەکە بۆ رووداو باسی لەوە کرد ئەوان لەگەڵ رووداوەکە گەیشتوونەتە ئەو شوێنە، ئەوەی بینیویانە ئەوەیە "رێگەکە زیانی بەرکەوتووە، بەڵام زیانێکی گیانی نەبوو."
لەماوەی 30 رۆژی رابردوودا، ئەمە سێیەمین بۆمبی چێنراوە لە سنووری قەزای ئامێدی دەتەقێتەوە، پێشتر لەسەر رێگەی نێوان سەنتەری شاری ئامێدی و دێرەلۆک، دوو بۆمبی دیکە تەقێنراونەتەوە.
سنووری قەزای ئامێدی لەم دواییانەدا بووەتە مەیدانی شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای تورکیا و پەکەکە، سەرچاوەکە دەڵێ "گومان دەکرێت، ئەو بۆمبە لەلایەن پەکەکەوە لەسەر رێگەی سوپای تورکیا لە سنوورەکە دانرابێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ