کوردستان
چەند تەرمێک لەدوای بۆردوومانەکەی عەین عیسا؛ وێنەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە و چەند هاونیشتمانییەک ڤیدیۆیان بۆ رووداو ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیى خۆسەرى رۆژئاڤاى کوردستان رایگەیاند، بەهۆى بۆردوومان و تۆپپارانکردنى چەند ناوچەیەک لەلایەن تورکیاوە 15 کەس گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی 9ى کانوونى یەکەمى 2024، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، گوندى موستەریحەیان لە شارى عەین عیسا لەلایەن تورکیاوە تۆپباران کراوە، بە هۆیەوە 12 کەس گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەکى دیکەش بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر هەروەها رایگەیاندووە، گوندى کۆن عەفتار لە گوندەوارى باکوورى رۆژئاڤاى شارى کۆبانێ لەلایەن تورکیاوە بۆردوومانکراوە و بە هۆیەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
هەر بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، درۆنێکى تورکیا لە گوندى شورای لە شارۆچکەی زرکان ئۆتۆمبێلێکى کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە کەسێک گیانیان لە دەستداوە و دوو کەسى دیکەش بریندار بوون.
دوای شەڕ و رووبەرووبوونەوەیەکی تووند لە نێوان چەکدارانی "سوپای نیشتمانیی سووریا" و شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات، رۆژی دووشەممە چەکدارانی "سوپای نیشتمانیی سووریا" چوونە نێو شاری منبج.
لەدوای هێرشەکانی دەستەی تەحریری شام بۆ سەر حەلەب لە 25ی مانگی رابردوو، چەکدارانی "سوپای نیشتمانیی سووریا" دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کرد و ناوچەی شەهبایان کۆنترۆڵکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ