رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان وەڵامی راگەیێندراوەکەی رێباز حەملان دەداتەوە و دەڵێت، "هەر زانیاری و داتا و هەواڵێکی مووچە لە پێگەی فەرمی و پێگەکانی حکومەتی هەرێم بڵاونەبێتەوە جێی متمانە نییە و رەتکراوەیە".
ئاماژە بەوەش دەکات، "وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەرپرس و تاکە لایەنی فەرمییە بۆ مامەڵەکردن لەسەر کات و شێوازی دابەشکردنی مووچە".
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پاش گفتوگۆیەکی زۆر، توانیویانە مووچەی مانگی 10 خەرج بکەن و مووچەی مانگی 11ش کۆتایی ئەم هەفتەیە خەرج دەکرێت. هەروەها گوتی، "بەزووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەکان [مووچەکانی مانگی 10، 11 و 12] دەکرێت".
رێباز حەملان هەروەها گوتی، "بڕی 761 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 10 خەرج کراوە و مووچەی مانگی 11ش کۆتایی ئەم هەفتەیە خەرج دەکرێت کە نزیکەی 759 ملیار دینارە. لە هەمان کاتدا موناقەلەیەک [گواستنەوە] لە تەرخانکراوی هەرێم لە فەسڵی نۆ دەکرێت بۆ سەر فەسڵی یەکی مووچە، بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی کورتهێنانی مووچە، مووچەی هەرێم پێویستی بە 996 ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک".
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەبارەت بەڕاگەیەنراوی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق کە ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر مووچەی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە جەنابیان لەو ئەرکەیدا نوێیە و چەند رۆژێکە دەست بەکاربووە، بە بیریان دێنینەوە کە ئەو بەشێکە لە وەزارەتی دارایی عێراق، پێویست بوو لە وەزارەتەکەی خۆی هەوڵی چارەسەری ئەو کێشانە بدات کە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان دروست کراوە و تائێستاش بەردەوامە".
دەشڵێت، "ئەو بابەتانەی باسی کردوون لە بنەڕەتدا کێشەی دەستکردن و سیاسین کە وەزارەتی دارایی عێراق دروستیکردووە، پێویستە ئەو بەڕێزە سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت لە وەزارەتەکەی خۆی نەک لە وەکیلی ئێمەوە قسە بکات، ئەوەی نوێنەرایەتیی ئێمە دەکات تیمەکانمانن کە ئێستا لە بەغدادن نەک بەڕێزیان، ئەوەی قەبارەی کێشەکانی ئێمەی چارەسەر کردووە لە رابردودا هەر تیمەکانی ئێمە بوون، لە رۆژی دەستبەکاربوونی جەنابیانەوە تا ئێستا هەنگاوێکی ئیجابیمان لێ نەبینیوە، ئومێدەوارین بە ئەرکی خۆی هەستێت واتە کاری خۆی لە وەزارەتەکەی جێ بەجێ بکات".
وەزارەتی دارایی باس لەوە دەکات، "هەرێمی کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایە، هەموو ئەو بابەتانەی جەنابیان [رێباز حەملان] باسی کردووە ئاگامان لێی نییە، تیمەکانی ئێمە بەبێ ئاگاداری جەنابیان لە بەغدان، بە هیچ جۆرێک رێگەپێدراو نییە بەناوی ئێمەوە قسە بکرێت کە ئێمە کەسمان نەکردووە بە وەکیل، جەنابی نوێنەرایەتیی عێراق دەکات نەک هەرێم، پێویستە بەشێک بێت لە چارەسەری کێشەکان، ئەوەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات وەزارەتی دارایی هەرێم و حکومەتی هەرێمە، بۆیە هیوادارین جەنابیان بە ئەرکی خۆیان هەستن و دەسەڵاتی خۆیان بزانن، نەک بێت لەبری وەزارەتمان قسە بکات، لەم کاتەدا چاوەڕێمان دەکرد وەزارەتەکەی جەنابیان کۆی تەمویلی مووچەی دوو مانگی بناردایە نەک بێت هەواڵی مووچە بڵاوبکاتەوە کە ئەرکی ئەو نییە".
رۆژی 18-10-2024 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرا، ئەمڕۆ 52 رۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت.
وەزارەتی دارایی لەبارەی چارەنووسی مووچەوە دەڵێت، "بە درێژایی چەند مانگی رابردوو بە بەردەوامی تیمە تەکنیکیەکانمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لەسەر هێڵ بوون بۆ چارەسەری کێشە تەکنیکیەکانی لیستی مووچە و بەشی زۆری کێشە هونەریەکانی لیستی مووچە چارەسەر کراوە و لە ئێستاشدا تیمەکانمان لە بەغدان بۆ چارەسەری کێشەی گواستنەوەی پارە لە تەرخانکراوەکانی هەرێم و رادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەم بە وەزارەتی دارایی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ