رێباز حەملان: بەزووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پاش گفتوگۆیەکی زۆر، توانیویانە مووچەی مانگی 10 خەرج بکەن و مووچەی مانگی 11ش کۆتایی ئەم هەفتەیە خەرج دەکرێت. هەروەها دەڵێت، "بەزووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەکان [مووچەکانی مانگی 10، 11 و 12] دەکرێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، رێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دوایین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچە بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ خۆڕاگری و پشوودرێژی مووچەخۆران و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان. تەقدیر و پێزانینی زۆرمان بۆ پشتیوانیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی. بە هەوڵی جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاک مەسرور بارزانی، کە شەو و رۆژی خستووەتە سەر یەک لەپێناو مووچە و شایستە دارایییەکانی هەرێم، بەردەوام لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵ بووە و بە تەقدیرەوە، بەرێز محەممەد شیاع سوودانی هاتە سەر هێڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری کورتهێنان".
رێباز حەملان دەڵێت، "پاش گفتوگۆیەکی زۆر لە بەغدا و پێداچوونەوەیەکی زۆر وردەکاری لەسەر تەرخانی بودجە و مووچەی هەرێم و فەسڵ و مادەکانی بودجە، وەک یەک تیم لەگەڵ بەڕێزان وەزیری دەرەوە و وەزیری نیشتەجێکردن و جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و جێگری ئەمانەی عامە و سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و بەندە لە وەزارەتی دارایی بە تەنسیق و کاری رۆژانە و بەردەواممان لەگەڵ بەڕێزان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم و سکرتێری ئەنجوومەن و فەرمانگەی هەماهەنگی و تیمی وەزارەتی دارایی هەرێم توانیمان مووچەی مانگی 10 خەرج بکرێت".
ئەو لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەوە دەڵێت، "بەزووترین کات". هەروەها دەشڵێت، " بڕی 761 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 10 خەرج کراوە و مووچەی مانگی 11ش کۆتایی ئەم هەفتەیە خەرج دەکرێت کە نزیکەی 759 ملیار دینارە. لە هەمان کاتدا موناقەلەیەک [گواستنەوە] لە تەرخانکراوی هەرێم لە فەسڵی نۆ دەکرێت بۆ سەر فەسڵی یەکی مووچە، بۆ پڕکردنەوەی بەشێکی کورتهێنانی مووچە، مووچەی هەرێم پێویستی بە 996 ملیار دینارە بۆ هەر مانگێک".
لەبارەی مووچەی مانگی 12وە ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمڕۆش لە بەغدا لیستی مووچەی مانگی 12مان گەیاندە بەڕێز وەزیری دارایی عێراق و جەنابی وەزیر تەحویلی کرد بۆ تەدقیقکردن [وردبینیکردن]".
رۆژی 18-10-2024 دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئەیلوول کرا، ئەمڕۆ 52 رۆژ بەسەر دابەشکردنی دوایین مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت.
دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دووشەممە یان سێشەممە، لیستی مووچەی مانگی 10 رادەگەیێندرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت".