ئەنەکەسە لە عەفرین: وێڕای لێبووردنی گشتی نزیکەی 200 کورد لە زیندانەکانی عەفرین ئازاد نەکراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، هەرچەند دەسەڵاتدارانی سنوورەکە لێبووردنی گشتییان دەرکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 کورد لە زیندانەکانی ناوچەکە ئازاد نەکراون. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە دوو هەزار خێزانی کورد لەم مانگەدا گەڕاونەتەوە عەفرین.
ئەحمەد حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) لە عەفرین، لە نیوڕۆژی رۆژی دووشەممە 09-12-2024ـی تۆڕی میدیایی رووداودا میوان بوو و باسی لە دۆخی ئەو هاونیشتمانییانە کرد کە دەگەڕێنەوە سنووری عەفرین و دەرووبەری و گوتی: "داوا دەکەین لە هەرکوێن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
"زیاتر لە دوو هەزار خێزان گەڕاونەتەوە"
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێیی ئەنەکەسە لە عەفرین گوتی، لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەوڵی گەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی عەفرینیان دەستپێکردووە کە لە حەلەب، شەهبا و تلتەمر لە ئاوارەییدا ژیاون. گوتیشی: "بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، توانیومانە زیاتر لە دوو هەزار خێزان بگەڕێنینەوە بۆ عەفرین".
زۆرینەی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە خاکی خۆیان لە عەفرین و گوندەکانی دەورووبەری، تاوەکو ئەمڕۆ خانووەکانیان عەرەبی هاوردەی تێدایە. ئەحمەد حەسەن دەڵێت، "ئەوانەی گەڕاونەتەوە لەگەڵ ئەو کەسوکارانەیان دەژین کە ماڵیان لە سنوورەکە هەیە".
"دەرچوونی عەرەب لە عەفرین دەستپێدەکات"
ئەو عەرەبە هاوردانەی چوونەتە عەفرین و خانووی هاونیشتمانیان داگیرکردووە خەڵکی ناوچەکانی حەلەب، ئیدلب، حەما، حومس و دێرەزوورن. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنەکەسە لە عەفرین، "ئەوانیش کەم کەم دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان؛ خەڵکێکی زۆر خۆیان ئامادە کردووە بۆ گەڕانەوە".
ئەحمەد حەسەن گوتی، "عەرەبەکانیش لە ناوچەکانی خۆیان شوێنی خۆیان هەیە و حەز دەکەن بگەڕێنەوە، هەرکات گەڕانەوەیان بە قۆناخ دەستیپێکرد، ئەوکاتە خەڵکی عەفرینیش دەچنەوە ماڵەکانی خۆیان".
بەرپرسەکەی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت، هیچ ئامارێکیان بەردەست نییە بزانن ئایا چەند خێزانی عەرەب گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان. بەڵام "گەڕانەوە دەستیپێکردووە".
ئەحمەد حەسەن داوا دەکات، "سەرەڕای ئاستەنگەکان؛ خەڵکی عەفرین لە هەر شارێکی سووریا یان ئەورووپا هەن بگەڕێنەوە شارەکەیان؛ وەکو برا پێکەوە بتوانین گۆڕانی دیمۆگرافی کە کراوە لاوازی بکەین".
"نزیکەی 200 کورد لە زیندانەکانی عەفرین ئازاد نەکراون"
دوێنی لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریادا، دەرگەی زۆرینەی زیندانەکانی شارەکان شکێندران و زیندانەکان ئازاد کران، دوای ئەوە حکومەتی کاتیی سووریا کە لە سنووری عەفرین و دەورووبەری بە پشتیوانیی تورکیا دەسەڵاتداری یەکەمن، لێبووردنی گشتییان دەرکرد.
سەرۆکی ئەنجوومەنی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین دەڵێت: "ئەو زیندانیانەی سووریا کە ئازاد کراون کەس نەیگوتووە لەسەر چی زیندانی بوون، بۆیە ئێمەش داوامانکردووە هەرچی کوردێک لە عەفرین و دەورووبەری زیندانی کراوە بەبێ لێپرسینەوە ئازاد بکرێت".
ئەحمەد حەسەن گوتی، هەرچەند لێبووردن دەرکراوە، بەڵام زیندانییەکان هەموویان ئازاد نەکراون؛ "داواکارین زیندانییەکان لە بەندکراوان چۆڵبکرێن، کە بەگوێرەی زانیارییەکان نزیکەی 200 کورد تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون".