دوو هاوژین لە چاوەڕوانیی منداڵدا لە ئاگرەکەی سۆران گیانیان لەدەستدا

 
 
رووداو - سۆران

مستەفا ئیسماعیلی تەمەن 30 ساڵ و سانا سامحی تەمەن 24 ساڵ کەمتر لە ساڵ و نیوێک بوو هاوسەرگیرییان کردبوو، چاوەڕێ بوون خودا منداڵێکیان پێببەخشێت، بەڵام لەکاتی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران بەهۆی دووکەڵەوە خنکان و خەونەکەیان بردە ژێر گڵ.
 
ئەو دوو هاوژینە خەڵکی باڵەکایەتی و خەلیفانن لە ئیدارەی سۆران؛ پرسەکەشیان بەیەکەوە دانرا، کەسوکاریان چیرۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان، پێش گیانلەدەستدانیان دەگێڕنەوە.
 
ئیسماعیل سادق، باوکی مستەفا دەڵێت، "لە ماڵەوە بووم، سانا تەلەفۆنی کرد و گوتی، شوقە ئاگری گرتووە وەرن. کاتێک چووین، بەهۆی بەهێزیی ئاگرەکەوە نەمتوانی بچمە سەرەوە، کە گەیشتمە لای شوقەکەش پەیوەندییان کرد، دوای نیو کاژێریش زیندوو بوون، لە پەنجەرەوە لایتی مۆبایلیان لێدەدا، بەڵام دواتر لایتەکەش نەما."
 
مستەفا خوێندکاری ماستەر بوو لە بەشی عەرەبی لە کۆلێژی زمان لە زانکۆی سۆران، سانا-ش مامۆستای زمانی کوردی بوو لە قوتابخانەیەکی هەمان شار.
 
مستەفا حوسێن لە زانکۆی سۆران پێنج هەفتەی لە خوێندنی ماستەرەکەی تەواو کردبوو، هەفتەی رابردووش سیمیناری خۆی پێشکێشی مامۆستایانی سەرپەرشتیاری خوێندنەکەی کردبوو.
 
ئیسماعیل حوسێن، هاوپۆلی مستەفا ئیسماعیل دەڵێت، "ساڵی 2012 بەیەکەوە لە کۆلێژ بۆ خوێندنی بەکالۆریۆس وەرگیراین و مامۆستا مستەفا لە یەکەمەکان بوو، کە پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، لە 2023 کە خولی ماستەر کرایەوە، دیسانەوە بەیەکەوە وەرگیراینەوە، مامۆستا مستەفا لە هەرە رەوشتبەرزەکان بوو، لە هەمووشمان زیاتر تامەزرۆی خوێندن بوو."
 
لە رووداوەکەدا 14 کەس گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا مستەفا و سانا؛ ئەوان بە دەستپێکی ژیانێکی نوێ، چاوەڕێی گیانێکی نوێ بوون، کە خوا منداڵێکیان پێ ببەخشێت، بەڵام ئەنجامی کۆتایی چیرۆکەکە بەخاکسپاردنیان بوو لەتەنیشت یەکدییەوە.