ئاگری قامیشەڵانەکانی نێو دەریاچەی زرێبار دوای چوار رۆژ کۆنترۆڵکرا

09-12-2023
ئاگرکەوتنەوە لە قامیشەڵانەکانی دەریاچەی زرێبار
ئاگرکەوتنەوە لە قامیشەڵانەکانی دەریاچەی زرێبار
نیشانەکردن دەریاچەی زرێبار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڵێسەی ئاگر لە قامیشەڵاکانی دەریاچەی زرێبار لە مەریوان بەرزبووەوە و چوار رۆژ ئاگرەکە بەردەوام بوو، هەرچەندە هێشتا روون نییە چۆن ئاگری گرتووە، بەڵام چالاکڤانانی ژینگەی مەریوان دەڵێن 'کەسانی نەناسراو ئاگریان تێبەرداوە.' 
 
ئاگری ئەم قامیشەڵانە دەبێت بە هێلیکۆپتەر و ئامرازی تایبەت بکوژێنرێتەوە، بۆیە لەکاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، باری تەندروستی دوو کەس لە چالاکڤانانی ژینگەیی تێکچوو و بۆ نەخۆشخانە گوازرانەوە.
 
سووتانی ئەم قامیشەڵانە کە چوار رۆژ بەردەوام بوو، کاریگەریی لەسەر دەریاچەکە و دەیان جۆر زیندەوەریشی دەبێت.
 
دەریاچەی زرێباری مەریوان هەزار و 200 هێکتار قامیشەڵانی هەیە؛ لەنێو قامیشەڵانەکاندا دەیان جۆر باڵندە و زیندەوەر دەژین.
 
ئیقبال حەمیدی، بەرپرسی پاراستنی ژینگەی پارێزگای سنە دەڵێ "ساڵی 2022 نزیکەی 250 هێکتار لە قامیشەڵانەکانی زرێبار سووتا، بەڵام بە هاوکاریی خەڵک، ئەمساڵ کەمتر لە دوو هێکتار قامیشەڵان سووتاوە".
 
کێشەی زرێبار تەنیا قامیشەڵانەکانی نییە، بەڵکو دەریاچەکە بەهۆی وشکەساڵی، کشتوکاڵی دەوروبەری دەریاچەکە، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، بەگوتەی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوانیش، ئیدارەدانی خراپی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان؛ مەترسی لەنێوچوونی لەسەرە.
 
دەریاچەی زرێباری مەریوان یەکێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ئیکۆسیستمێکی ناوازەی هەیە، بەڵام ئەم ئیکۆسیستمە ناوازەیە پێویستیی بە پاراستن هەیە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

14 بەربژێری تورکمان و 7 بەربژێری کریستیان لە هەولێر رکابەرایەتی بۆ بەدەستهێنانی کورسیی کۆتاکان دەکەن

لە بازنەى پارێزگاى هەولێر 14 بەربژێرى کۆتای تورکمان بۆ یەک کورسی رکابەری دەکەن و 7 بەربژێرى کریستیانیش ناویان تۆمار کردووە بۆ ئەو کورسییەى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان کوردستان لەو پارێزگایە بۆیان دیاریکراوە، بەڵام بەرەى تورکمانى لە دەرەوەى کۆتا بە لیستێکى 11 کەسی بەشدارە.