رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئوردن پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری گیانلەدەستدراوانی ئاگرەکەی سۆران دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازێت.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئوردن رایگەیاند، "بە راستگۆترین هەست و سۆزمانەوە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی گەل و حکومەتی کۆماری عێراقی دۆست دەکەین، بە بۆنەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی لە ئەنجامی رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی سۆران سەر بە پارێزگای هەولێر لە هەرێمی کوردستانی عێراق".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، "ئێمە لە شانشینی ئوردنی هاشمی، هاوسۆزین لەگەڵ کۆماری عێراقی دۆست. خودای گەورە لە گیانلەدەستدراوان خۆش بێت و سەرەخۆشی لە کەسوکارەکانیان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین".
شەوی هەینی 08-12-2023 کاژێر 08:15 ئاگر لە باڵەخانەیەک لەسەر رێگەی سەرەکی سۆران – چۆمان لە گەڕەکی جوندیانی سۆران کەوتەوە. وێڕای هەوڵی تیمە فریاگوزارییەکان، 14 کەس گیانیان لەدەستدا و حەوت کەسی دیکە بریندار بوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو 14 کەسەی لە رووداوەکەی سۆراندا گیانیان لەدەستدا، سیانیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن؛ دووانیش هاوژینی یەکن و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانن؛ چواریشیان ئەندامی یەک خێزانن و عەرەبن؛ هەروەها یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دووانیش ناسنامەی سووریایان پێبووە و دیار نییە کوردن یان نا. دوو کەسەکەی دیکەشیان عەرەبی عێراقن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ