جەبار یاوەر: لە کاتی شەڕی داعشدا هەنگاریا بە پێدانی دۆشکە هاوکارییان کردین


رووداو دیجیتاڵ 

فەریقی یەکەم جەبار یاوەر رایگەیاند، یەکێک لەو وڵاتانەی لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی داعش هاوکاریی هەرێمی کوردستانیان کرد هەنگاریا بووە، ئەویش بەپێدانی چەک و بە تایبەتی دۆشکە، ئێستاش لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 8-12-2022، فەریقی یەکەم، جەبار یاوەر، شارەزای بوارەکانی سەربازی و ئەمنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە ئەمریکییەکان کە لە ساڵی 2003 و دوای هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەنساروئیسلام لەو ساڵەوە لە هەرێمی کوردستان ماونەتەوە، چەندین وڵاتی دیکە بەشێوەی جیاواز لە رووی سەربازیی، لۆجیستی و راوێژکارییەوە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە.
 
جەبار یاوەر کە لە کاتی شەڕ دژی داعشدا ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بووە، دەڵێت: "یەکێک لەو وڵاتانەی لە ساڵی 2014ـەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هاوکاری هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی کردووە هەنگاریا بووە؛ ئێمە وەکو شاندێک ساڵی 2015 سەردانمان کردن و لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆبووینەوە؛ دوای ئەوە هاوکارییەکانیان زیاتر کرد و بەتایبەت بە ناردنی چەک لە جۆری دۆشکە کە ئێمە ئەوکاتە زۆر پێویستمان پێی بوو." 
 
فەریق جەبار یاوەر ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە ئەمریکا، لە ئابی 2014ـەوە چەندین وڵاتی دیکە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەشێوەی جیاواز هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەوانە؛ بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، فەرەنسا، هەنگاریا، سوێد، فینلاند و کەنەدا. گوتیشی: "جگە لە سوێد، فینلاند و کەنەدا وڵاتانی دیکە لە رێگەی راوێژکارەکانیانەوە لە هەرێمی کوردستان ماون." 
 
هاوکارییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە جۆراوجۆرن، جەبار یاوەر دەڵێت، لە رێگەی چەک و تەقەمەنیی و راوێژکاریی سەربازییەوە هاوکاریی پێشمەرگە کراوە، هەروەها راوێژکارانی وڵاتان لە بوارەکانی دارایی، گرێبەستەکان، هەواڵگری، لۆجستی، راگەیاندن و چاکسازیدا هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.