شەڕ لە "سوور" ژیانی لە ئامەد راگرتووە
رووداو- هەولێر
لەوەتەی تەقە كەوتووەتە نێو كۆڵانەكانی شارۆچكەی "سوور"ی ئامەد، محەممەد بۆزلۆ خەمی لەدەستدانی كارەكەیەتی، ئەو دەڵێت "داهاتی ئێمە بە نەبوونی شەڕەوە بەستراوە. شەڕ هەبوو داهاتمان نییە، شەڕ نەما دەبووژێینەوە".
بۆزڵو خاوەنی كۆمپانیایەكی گەشتیارییە و ئۆفیسەكەی لە یەكێك لە شەقامە سەرەكییەكانی شارۆچكەی سوورە كە ماوەی دوو هەفتەیە بەهۆی شەڕەوە هاتوچۆی تێدا قەدەغەكراوە.
دەستپێكردنەوەی شەڕی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و سوپای توركیا، لە 22ی تەمموزی رابردوو، هەموو ئەو پێشكەوتنە ئابووری و دەروونیانەی بەبا دا كە دوای دەستپێكردنی پرۆسەی چارەسەری لە سەرەتای 2013 بەدی هاتبوون. لەهەمووشیان زیاتر شاری ئامەد كاریگەریی شەڕی ئەم دواییەی لەسەر دەركەوت.
هەرچەندە 31 ساڵە شەڕ لە نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا هەیە و ئەو شەڕە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئامەدی گرتووەتەوە كە بە ناوەندی بازرگانی، ئابووری، سیاسی و رۆشنبیریی باكووری كوردستان دادەنرێ، بەڵام هیچ كاتێك شەڕ وەكو شەڕی ئەمجارە كاریگەریی لەسەر ئامەد بەجێنەهێشتووە.
پارێزەر گوڵشەن ئۆزبەك دەڵێت، لەگەڵ راگەیاندنی پرۆسەی چارەسەری لەدوای 2013 ، هیواكان بەشێوەیەك هەڵچنران كە جارێكی دیكە بارودۆخەكە بۆ دواوە ناگەڕێتەوە و شەڕ و توندوتیژی بووە بەشێك لە مێژوو.
گوڵشەن بە (رووداو)ی گوت "خۆزگە بە دوو ساڵی پرۆسەی چارەسەری دەخوازین. هەرچەندە رێككەوتن نەبوو، بەڵام متمانە هەبوو، ئارامی و سەقامگیریی هەبوو". ئەو ژنە پارێزەرە دەربارەی بارودۆخی ئێستای ئامەد دەڵێت "نازانی چی دەقەومێ، چوون بۆ شوێنە گشتییەكان مەترسیدارە، ناوێرین منداڵەكانمان بنێرینە دەرەوە".
پارێزەر وڵات ئاڵان، پێیوایە بارودۆخی ئەمڕۆ تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ساڵی 2013 و 2014 و دەڵێت "هەموو شت پێچەوانە بووەتەوە. دەنگی بۆمب و گوللە كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ئەم شارە جێهێشتووە. ئاماژەكان وا دەردەخەن كە بارودۆخەكە خراپتر دەبێت، خەڵك دەست لەكار هەڵدەگرێت و هەندێكیشیان بیر لە كۆچكردن دەكەنەوە".
ژیان لە "سوور" وەستاوە
ژیان لە شارۆچكەی سوور كە ناوەندی ئابووری و گەشتیاریی ئامەدە، پەكی كەوتووە. لەلایەك هێرشە چەكدارییەكانی یەكینەكانی باڵی گەنجانی پەكەكە (YDG-H)، لەلایەكەی دیكەش قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی توركیا لەو شارۆچكەیە واتایەكی بۆ ژیان و كار نەهێشتووەتەوە.
عەبدولڕەحمان دەرە، یەكێكە لەو بازرگانانەی لە سوور بە فرۆشتنی جلوبەرگەوە خەریكە و لە شارەكانی دیكەی باكووری كوردستان و رۆژهەڵاتی توركیاوە بازرگانانی وردە رووی تێدەكەن و كاڵای لێدەكڕن، ئەو پێیوایە زیانی هەرە گەورە لە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە "سوور" بە ئامەد دەگات.
دەرە بە (رووداو)ی گوت "سوور ناوەندی بازرگانی و ئابووریی ئامەدە. ئەو بازرگانانەی تا دوێنێ كاڵایان لە ئێمە دەكڕی ئەمڕۆ دەچنە عەنتاب و ئەرزڕوم. بەم شێوەیە هۆتێل، چێشتخانە و تاكسیی عەنتاب و ئەرزڕوم قازانج دەكەن".
دەرە، كە 11 رۆژە بەهۆی قەدەغەكردنی هاتوچۆوە كۆگاكەی داخستووە، دەڵێت "رەنگدانەوەی ئەو شەڕە لەسەر ئێمە زۆر خراپە، ئەوەی پێشتر بازاڕی زۆر باش بووە، ئێستا فرۆشی بە رێژەی 70% دابەزیوە".
گەشتوگوزار پووكاوەتەوە
شارۆچكەی "سوور" جگە لەوەی ناوەندێكی بازرگانی و ئابوورییە، ناوەندێكی گەشتیاریی گرنگیشە، بەهۆی ئەوەی چەندین شوێنەواری مێژوویی تێدایە، لەوانەش شوورای دێرینی ئامەد.
مەتین ئۆزچەلیك، بەرپرسی هۆبەی گەشتیاری لە شارەوانی گەورەی ئامەد، باسی بووژانەوەی كەرتی گەشتیاری لەسەردەمی پرۆسەی چارەسەری دەكات و دەڵێت "لە ساڵی 2013دا، نزیكەی 30 هەزار و لە 2014 نزیكەی 40 هەزار گەشتیار لە ئامەد زیادی كرد. لە سەرەتای 2015 تا مانگی تەمموز هەرچەندە وەرزی گەشتیاریش نەبوو، بەگوێرەی ئاماری هۆتێلەكان ژمارەی پێوانەیی تۆمار كرد. بەڵام لەدوای مانگی تەمموز هەموو شت خەریكە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە".
محەممەد بوزڵو، خاوەنی كۆمپانیای "دەنیز توریزم" كە نووسینگەی كۆمپانیاكەی دەكەوێتە سەر شەقامی غازی، واتە شەقامی هەرە سەرەكیی سوور، دەڵێت "بەر لە دەستپێكردنەوەی شەڕ مانگانە 100 هەزار لیرە داهاتم هەبوو. لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕ داهاتم بۆ 10 هەزار لیرە دابەزی. بە قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە سوور ئەویش نەما".
بۆزڵو، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی بیر لە وازهێنان لەكارەی بكاتەوە و كۆچیش بكات بۆ شارێكی دیكە "ئیدی گەشتیاری ئەو پیشەیە نییە بتوانم لەسەری بژیم. ئامەدیش ئەو شارە نییە بتوانم تێیدا بمێنمەوە".
باقی ئەرەن، بەڕێوەبەری هۆتێلی گرین كە هۆتێلێكی پێنج ئەستێرەی شارۆچكەی سوورە، ئەویش وەكو خاوەن پیشەكانی دیكە نیگەرانە و دوو هەفتەیە هۆتێلەكەی داخستووە.
ئەرەن بە (رووداو)ی گوت "لە سەردەمی پێش شەڕ، بەردەوام 80%ی ژوورەكانمان پڕبوون. دوای شەڕ ئەو ژمارەیە بۆ 30% دابەزی. پێش شەڕ كرێی شەوانەی ژوورێك 150 لیرە بوو. ئێستا بۆ 80-70 لیرە دابەزیوە".