شارەزایەکی کەشناسی: پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە

09-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی شەو لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری نمەباران هەیە. شارەزایەکی کەشناسییش پێشبینی دەکات، لە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 9ی تشرینی دووەمی 2024 بەشی کەشناسی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای سبەی یەکشەممە بڵاوکردەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتەکە، "سبەی ئاسمان ساماڵ دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و هەوری تەواو. لە کاتەکانی شەویشدا ئەگەری بارینی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە."
 
لەبارەی کەشوهەوای رۆژانی دواترەوە، محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی دووشەممە شەپۆلێکی بارانبارینی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە لە کاتەکانی بەرەبەیانییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت."
 
محەممەد کەمال گوتی، "پێشبینی دەکرێت زۆرترین بڕی باران لە سلێمانی، هەڵەبجە، بەشی رۆژهەڵاتی هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و سۆران ببارێت."
 
بە گوتەی محەممەد کەمال، "شەپۆلەکە هەورە برووسکەی بەهێزی لەگەڵ دەبێت و خێرایی با زیاد دەبێت. پلەی گەرماش دادەبەزێت."
 
ئەو شارەزایەی کەشناسییە پێشبینی دەکات، لە سلێمانی زۆرترین بڕ کە نزیکەی 17 میلیمەتر دەبێت، باران ببارێت و شارەکانی دیکەش لەنێوان 3 بۆ 7 میلیمەتر بارانیان تێدا دەبارێت.
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە بەگوێرەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر: 26 پلە
سلێمانی: 24 پلە
دهۆک: 25 پلە
کەرکوک: 27 پلە
هەڵەبجە: 25 پلە
زاخۆ: 25 پلە 
سۆران: 25 پلە
حاجی ئۆمەران: 13 پلە
گەرمیان: 28 پلە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە