یارسانەکان لە کرماشان جەژنی خاوەندکار بە دەنگی تەموورە پیرۆز دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
جەژنی خاوەندکاری یارسانی بە نەوای تەموورە، هەوری، فەقیانە و رەسەنایەتیی کوردی، لە شاری داڵاهووی کرماشان یادی کرایەوە، کە بە مەڵبەندی تەموورە ناسراوە.
تەلموور، تەنبوور یان تەموورە، ئامێرێکی پیرۆزی پەیڕەوانی ئایینی یارسانە، لە سەردەمی شاخۆشین رێبەری ئەفسانەیی یارسانەکانەوە هەیە و پیرانی یارسان بە دەنگی تەموورە شەرتی یارییان بڵاوکردووە.
رێوڕەسمی تەموورەژەنین لە مەزارگەی پیرانی ئایینی یارسان لە شارە جیاوازەکان بەڕێوەدەچێت و ئەمساڵ لە تەکیەی پیربنیامین لە داڵاهوو بوو.
سرووتەکان کە لەگەڵ تەموورە دەگوترێنەوە لە کتێبە پیرۆزەکانی یارسانن و بە شێوەزاری لەکی و هەورامین.
جەژنی خاوەندکار یان مەرنوو، جەژنێکی ئایینی یارسانەکانە کە دوای سێ رۆژ بەڕۆژووبوون ئەو جەژنە دەگێڕن، خەڵکی یارسان لە جەمخانە و مەزارگە پیرۆزەکان کۆدەبنەوە و بە دابونەریتی جیاوازەوە ئەو جەژنە پیرۆز دەکەن.