کوردستان
دیمەنێک کە پەیکەری پێشمەرگە لە دەروازەی شاری کەرکووکەوە دەردەکەوێت، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رەتیکردەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوابخرێت و دەڵێت، تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک رەسەنە و بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووش بەکاردێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 09-11-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "کارەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک بەشێوەیەکی ئاسایی وەک پارێزگاکانی دیکە عێراق بەڕێوەدەچن، بگرە باشتریشە."
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیکردەوە هەڵبژاردن لە کەرکووک دوابخرێت و دەڵێت بەپێی یاسای هەڵبژاردن، دەبێت هەڵبژاردن لە هەموو پارێزگەکاندا لە یەک کاتدا بەڕێوەبچێت، ئەگەرنا دەبێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە.
عیماد جەمیل، جەختی لەوەکردەوە، وردبینی بۆ تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک کراوە و تۆمارەکە رەسەنە، بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووش پشتی پێدەبەسترێت و بەکاردێت.
رۆژی 01-11-2023 بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، کە بڕیارە لە 18-12-2023 لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت.
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک نەکراوە
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە. کورد تێیدا بە پێنج لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ یەکێتی و حیزبی شیوعی کوردستان بە هاوپەیمانیی "کەرکووک هێز و ئیرادەمانە" بە ژمارە 142؛ پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197؛ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی بە هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک بە لیستی ژمارە 163؛ پارتی سوسیالیست دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 202 و جووڵانەی نەوەی نوێ بە لیستی ژمارە 167 بەشدارن.
گوتەکانی سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکاتێکدان، تائێستاش بەشێک لە لایەنەکانی کەرکووک گومان دەکەن، لەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت؛ هەروەها پێشتر بەشێکی لایەنە کوردییەکانی پارێزگاکە بەشێکی عەرەب و تورکمانیان تۆمەتباردەکرد بەوەی 'هەوڵدەدەن هەڵبژاردنەکە دوابخرێت، تاوەکو پۆستی پارێزگار و چەند پۆستێکی دیکە لەدەستنەدەن.'
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ